تشرینی یه‌که‌م 10, 2018 18:08 Asia/Tehran
  • کوردەکانی سووریا بۆ دانوستان جارێکی تر سەردانی دیمەشقیان کرد

شاندێکی سەر بە ئەنجومەنی سووریا دیموکراتیک سەر بە کوردەکانی ئەم وڵاتە بۆ دەست پێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ دەوڵەتی وڵاتەکەیان ئەمڕۆ چوارشەممە گەییشتنە دیمەشقی پێتەختی ئەم وڵاتە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، میدیاکانی سووریا ڕۆژی چوار شەممە ڕایانگەیاند: ئەم شاندە لە درێژەی دانیشتنەکانیان بۆ چارەسەریی کێشەکانی نێوان ھەردووک لا سەبارەت بە ڕۆژھەڵاتی چۆمی فۆرات وتووێژ دەکات. ئەمینە عومەر ھاوسەرۆکی ئەنجومەنی سووریا دیموکراتیک بەر لەمە ڕایگەیاند بوو کە ئەنجومەنەکەیان بەردەوام لە ئاراستەی دەست ڕاگەییشتن بە ڕێگاچارەیەکی سیاسی، ئامادەی دانوستانە لەگەڵ دەوڵەتی سووریا.

میدیا کوردییەکان بە گێڕانەوە لە ئەمینە عومەرەوە ڕایانگەیاندووە: لەو باوەڕەداین کە دیالۆگی سیاسی باشترین و کاراترین ڕێگاچارەیە بۆ کۆتایی ھێنان بە قەیرانی سووریا.

ناوبراو جەختی کردووە: ئامانجی ئەنجومەنی سووریای دیموکراتیک کۆتایی ھێنان بە کوێرەوەرییەکانی خەڵک و دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکە بۆ قەیرانی ئێستا بە ھۆی دانوستانەوە.

ھاوسەرۆکی ئەنجومەنی سووریا دیموکراتیک وتووشیەتی: ئەم ئەنجومەنە داخوازییەکەی دەوڵەتی ناوەندی بۆ وتووێژو دانوستان بە مەبەستی چارەسەریی کێشەکانی نێوانیانی قەبووڵ کردووە، بەڵام ئەم دانوستان و وتووێژانە ھەتا ئێستا ھیچ ئەنجامێکیان لێ نەکەوتووەتەوە. ناوبراو پێشی داگرتووە کە: ڕێگای دانوستانەکان دوورودرێژە، بەڵام بێ گومان ئایندەو دەرەنجامی دانوستانەکە بە قازانجی گەلی سووریا و کۆتایی ھێنان بە قەیرانەکە دەبێت.

شاندێکی سەر بە لقی سیاسیی ھێزەکانی سووریای دیموکراتیک زیاتر لە مانگێک لەمەوپێش بۆ دانوستان و وتووێژ لەگەڵ د ەوڵەتی ئەم وڵاتە سەردانی دیمەشقیان کرد بوو کە ھەڵبەت ئەنجامێکی ئەوتۆی لێ نەکەوتەوە.