تشرینی یه‌که‌م 11, 2018 14:26 Asia/Tehran
  • دەست پێ بوونی بنیاتنانەوەی ئوردوگای یەرموک لە سووریا

بنیاتنانەوەی ئوردوگای فەلەستینی نشینی یەرموکی باشووری دیمەشقی پێتەختی سووریا بە ئامادە بوونی کۆمەڵێک لە بەرپرسانی فەلەستینی دەستی پێ کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، خالید عەبدولحەمید سکرتیری گشتیی بەرەی خەباتی جەماوەریی فەلەستین و سکرتێری گشتیی ھاوپەیمانیی تاقمەکانی خۆڕاگریی فەلەستین لە سووریا ڕۆژی چوارشەممە لە دەستپێکی بنیاتنانەوەی ئوردوگای یەرموک وتی: بنیاتنانەوەی ئەم ئوردوگایە کە بە ھۆی تیرۆریستانەوە تێک دراو ئێستاکە کاول بووە، بە فەرمانی بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری سووریا ئەنجام دەگرێت.

خالید عەبدولحەمید وتیشی: ئوردوگای یەرموک ڕۆڵێکی گرینگی لە خەباتی فەلەستینییەکاندا ھەیە، چونکو زۆرێک لە شەھیدانی فەلەستینی ھاوڕێ لەگەڵ ھێزەکانی سوپای سووریا لە ئاراستەی بەرخۆدان و لە خۆبردوویی گیانی خۆیانیان بەخت کردووە.

سکرتیری گشتیی بەرەی خەباتی جەماوەریی فەلەستین وتیشی: کۆمەڵێک لە کاربەدەستانی فەلەستینی وێڕای پشتگری کردن لە خزمەتگوزاری و ڕاژەکارییەکانی دەوڵەتی سووریا بۆ بنیاتنانەوەی ئوردوگای یەرموک، ھاتوونەتە ئەم ئوردوگایەوەو لە نزیکەوە ڕەوتی ڕاپەڕاندنی ھەڵمەتی نۆژەن کردنەوەکە پێ و شوێن دەگرن.

خالید عەبدولحەمید سکرتیری گشتیی بەرەی خەباتی جەماوەریی فەلەستین پێشی داگرت: یەکەم ھەنگاوی دەوڵەتی بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری سووریا لەمەڕ پاکتاوکردنی یەرموک لە بوونی چەک و چۆڵ و تەقەمەنی ، دەربڕی ویستی لێبڕاوانەی دەوڵەتە لە بارەی بنیاتنانەوەی ئەم ناوچەیەوە.

ئوردوگای یەرموک لە ٢١ی مای ٢٠١٨ لەژێر ڕکێفی تاقمی تیرۆریستی داعش ڕزگار کرا.

دوای پاکتاو کرانی ئوردوگای یەرموک لە بوونی تیرۆریستان، دەوڵەتی سووریا بەڕێوەبەرایەتیی کاروبارو بنیاتنانەوەی ئەم شوێنەی ھەروەک ناوچە ڕزگار کراوەکانی دیکەی سووریا گرتە ئەستۆ.

قەیرانی سووریا لە ساڵی دووهەزاو یازدەوەو قەیرانی عێراقیش لە ساڵی دووهەزاروچواردەو لە ئەنجامی هێرشی بەربڵاوی ئەو تاقمە تیرۆڕیستیانەی کە لە لایەن عەرەبستان و ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیان لەوانە تورکیاوە لایەنگرییان لێ دەکرێت بە مەبەستی  ڕوخاندنی دەوڵەتی یاسایی بەشار ئەسەدو گۆڕینی هاوسەنگیی ناوچەکە بە قازانجی ڕژێمی زایونی دەستی پێ کراوە ، کە لە ئەنجامی گیان بەختکاریی سوپاو جەماوەری سووریا ئەو پیلانانەی دوژمنان پووچەڵ بووەتەوە.