تشرینی یه‌که‌م 16, 2018 10:29 Asia/Tehran
  • دوو کارناسی ڕووسی: باشترین چارەسەر بۆ مەسەلەی کوردەکانی سووریا و ئاشتی لەو وڵاتە دامەزراندنی سیستەمی فیدراڵی

لئۆنید عیسایف و ئاندری زاخارۆف لەو باوڕەدان کە لە ڕێگای سیستەمی لامەرکەزییەتەوە، دەتوانرێت مەسەلەی کوردەکانی سووریا چارەسەر بکرێت کە تەنیا خوازیاری خۆبەڕێوەبەرین و بەو جۆرە دەتوانرێت ئاشتی و یەکپارچەیی لە سووریا بپارێزرێت.

بەرپرسانی کوردی سووریا بەردەوام جەخت لەوە  دەکەنەوە کە نایانەوێت لەو وڵاتە جودا ببنەوە و ئامانجی ئەوان لە سووریا ڕێگری کردنە لە کەڵەکە بوونی دەسەڵات لە مەرکەز و جێگیر کردنی سیستەمی فیدراڵی لەو وڵاتدەدایە.

دوو کارناسی ڕووسی لە وتارێکی هاوبەشیاندا کە ماڵپەڕی ئەلجەزیرە بڵاوی کردۆتەوە لەو باوڕەدان کە لامەرکەزییەت دەتوانێت هەم کوردەکانی سووریا بە ئامانجیان بگەیێنێت هەم یارمەتیی دروست بوونی ئاشتی لە سووریا بدات و یەکپارچەیی خەکی ئەو وڵاتە بپارێزێت.

لئۆنید عیسایف و ئاندری زاخارۆف جەخت دەکەنەوە کە حیزبی کوردیی پەیەدە لە سووریا کە گەورەترین حیزبی کوردیی ئەو وڵاتەیە بە هۆکاری ناوخۆیی و بیانییەوە بیر لەوە ناکاتەوە کە لە سووریا جودا ببنەوە و دروست کردنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەر لە سووریا ڕێگایێکی باشتر دەبینن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان.

"لئۆنید عیسایف" و "ئاندری زاخارۆف " لەو باوڕەدان ئەگەر فیدراڵی لە سووریا بە شێوازی دروست ئەنجام بدرێت، هەم دەتوانێت مەسەلەی کوردەکانی ئەو وڵاتە چارەسەر بکات و هەم ئەوی کە سووریا دەخاتە سەر ڕێگای ئاشتییەوە.