تشرینی یه‌که‌م 16, 2018 16:29 Asia/Tehran
  • هێزەکانی سووریای دیموکرات بە شێوازێکی گوماناوی لە ڕەقە دەکوژرێن

ڕوانگەی مافی مرۆڤی سووریا وتوویەتی لە مانگی ئەیلوولەوە تا ئەمڕۆکە ژمارەی 149 ئەندامی سوپای سووریای دیموکرات گیانی خۆیانیان لە دەست داوە و هۆکاری گیانلەدەستدانی زۆرینەشیان هێرشی شەوانە بووە بەڵام تا ئێستا کەس نازانێت کێ لە پشت ئەو کوستنانەوەیە کە شەوانە دەکرێت.

هێزی سووریای دیموکرات زۆرینەیان کوردن و بە سەرکردایەتیی کورد توانییان ساڵی 2017 شاری ڕەقە لە بندەست داعش ئازاد بکەن کە زۆرینەی دانیشتووانی شارەکە عەرەبن. سووریای دیموکرات لەو کاتەوە لە ڕێگای ئەنجومەن ئیداریی خۆجێیییەوە کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچەیە دەکات.

پێ دەچێت لەم دواییەدا کە ژمارەی کوشتنی هاووڵاتییان و بەتایبەت هێزەکانی سووریای دیموکرات زیادی کردووە بۆ جارێکی دیکە ئاسایشی ڕەقە کەوتۆتەوە مەترسی و زۆرینەی کوشتنەکان گوماناوی بوون.

ئەبووفارس ئەندامێکی شارەوانیی ڕەقە کە لە ژێر چاودێریی ئەنجومەنی خۆجێییی ڕەقەدا کار دەکات بە ڕۆژنامەی نەشناڵی ئیماراتی وتووە ئەگەرچی ڕۆژانە لانی کەم یەک تەرمی هێزەکانی سووریای دیموکرات کەسف دەکرێت بەڵام تا ئەم کاتەش دیار نییە کێ بکەری ئەو کوشتنانەیە.

ناوبراو زیادی کرد: هێزی سووریای دیموکرات لە هەموو شوێنێکی شاری ڕەقەدا سەیتەرە و خاڵی پشکنینی داناوە و کاروانی سەربازیی ڕەقە بێ وەستان دەورییە لێ دەدەن و کۆپتەرەکانیش بەردەوام بە سەر شارەکەدا دەسووڕێنەوە بەڵام تا ئێستاش کەس نازانێ بکەری ئەو کوشتنانە کێیە.

ئەندامێکی چالاکڤانی شارەکە وتوویەتی کەس ناوێرێت شەوانە لە ماڵ بێتە دەرێ و تەنانەت بە ڕۆژیشدا شارەکە ئاسایشی نییە.

ڕوانگەی مافی مرۆڤ لە سووریا کە ئێستا لە بەریتانیا جێگیرکراوە وتوویەتی تەقەی ڕاستەوخۆ تەقینەوەی بۆمبی دەستکرد و هێرشی شەوانە سێ هۆکاری سەرەکین لە کەیسی ئەو کوشتنانەی بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات تۆمار کراون.

هەر بە پێی ڕاپۆرتی ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤ لە سووریا ڕۆژی چوارشەمەی ڕابردوو ئوتۆمبیلێک لە نزیک قوتابخانەیێک تەقێنرایەوە و بەو هۆیەشەوە دوو هێزی سووریای دیموکرات کە ئەنامانی پۆلیس بوون گیانی خۆیانیان لە دەست دا. هێزە خۆجێییەکان وتوویانە ئوتومبیلەکە هەڵگری بومبی پووچەڵکراو بووە بەڵام هۆی تەقینەوەی ئوتومبیلەکە دیار نییە. ئەوەش لە کاتێکدای ئەندامێکی کوردی سوپای سووریای دیموکرات وتوویەتی ئەو ڕووداوە تەنها بە سودفە نەبووە و گومانی تێدایە. پێش چەند ڕۆژێک ماتۆڕێکی بۆمبڕێژکراویش لە هەمان شوێن تەقیبوویەوە.

هێزی کوردی سووریای دیموکرات مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ شانەیێکی نووستووی داعشیان لە ڕەقە کەشف کرد و لە ئوپەراسیۆنێکدا چەندین ئەندامی داعش کوژران و هەندێک کەس بڕوایان وایە ئەو کوشتنانەی ئێستا ڕوو دەدەن بکەرەکەی داعشە و هەندێک کەسی دەڵێن کەسانێک دەیانەوێت دۆخی ئەمنیی ڕەقە تێک بدەن بۆیە ئەندامانی سوپای سووریای دیموکرات دەکوژن.

ئەسکەنەر محەمەد عیسا وتەبێژێکی ئاسایش یان پۆلیسی ناوخۆی ڕەقەیە کە زۆرینەیان کورد و بە ڕۆژنامەی نەشناڵی وتووە ڕۆژانە ژمارەیێک لە ئەندامانی داعش دەستبەسەر دەکەن و ئەوەش ئیشی هەموو ڕۆژێکیانە. داعش هەوڵ دەدات دۆخی ئەمنیی شاری ڕەقە تێک بدات لە بەر ئەوەی بە دەست کورد و سوپای سووریای دیموکراتەوەیە.

حائید حائید توێژەری کاروباری ئەمنی لە کۆلیژی لەندەن وتوویەتی هێرشەکانی داعش لە دەیرەزوور و ڕەقە زیادی کردووە بەڵام بەگشتی ئاسایشی ناوچەکە لە چاو ڕابردوو گەلێک باشترە.

ئەیاد یاتین ڕۆژنامەنووسی لوبنانی کە لە ناوچەکەدا ڕووماڵی هەواڵ دەکات وتوویەتی داوا لە هێزە ئەمریکییەکان کراوە بەشداریی پاراستنی ئاسایشی ڕەقە بکەن لە بەر ئەوەی ئێستا ئەمریکییەکان لەو ناوچەیەدا بنکەی سەربازییان هەیە بەڵام ئەمریکییەکان وتوویانە ئەو بابەتە پێوەندیی بەوانەوە نییە و ئەرکی سەرەکیی ئەوان کۆتایی هێنان و شکستهێنان بە داعشە.