تشرینی دووه‌م 04, 2018 12:26 Asia/Tehran
  • سووڕانەوەی هاوبەشی هێزەکانی ئەمریکا و ئەرتەشی  دیموکراتیکی سوریا لەسەر سنووری کۆبانی - تورکیا

بە دوای پەلاماری توپخانەیی ئەم دواییانەی ئەرتەشی تورکیا بۆسەر چەندین ناوچەی کوبانی و گرێ سپی ، هێزە ئەمریکیەکان و هێزەکانی ئەرتەشی دیموکراتیکی سوریا دەستیان دایە سووڕانەوەی هاوبەش لە سە سنووری کۆبانی - تورکیا .

بە پێی راپۆرتی میدیاکانی هەرێم ، هێزەکانی ئەمەریکا لەگەڵ هێزەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەناوچە سنووریـیەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات پـێکەوە سوڕاونەتەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ڕاگرتنی تۆپـبارانەکانی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچانە.

هێزە گەڕۆکە هاوبەشەکان لەشارۆچکەی شێخلەری ڕۆژئاوای کۆبانیـیەوە دەستیان بەسوڕانەوە کردووە و گەیشتوونەتە کۆبانی‌و لەوێشەوە بەرەو گرێ سپی و شارۆچکەی سلوکی باشووری ڕۆژهەڵاتی گرێ سپی.

مستەفا بالی وتەبێژی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەلێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەو ڕەوشەی لەسەر سنوور هاتووەتە ئاراوە پـێویستی بەوەیە هاوپەیمانان و لە سەروو هەموویانەوە ئەمەریکا بەئەرکی خۆیان هەستن و بەڵێنی خۆیان بەسەربەرن.

مستەفا باڵی راشیگەیاند، ئەو هێزە هاوبەشە گەڕۆکانە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبن هەتا ئارامی لەسەر سنوور بەرقەرار دەبێت.

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لەشکری تورکیا لەسەرانسەری هێڵی سنوور لەڕۆژئاوای کۆبانی هەتا ڕۆژهەڵاتی گرێ سپی گوندەکانی سەرسنووری تۆپـبارانکردووە و لە ئاکامدا ژمارەیەک هاووڵاتی و شەڕڤان گیانیان لە دەستداوە یان برینداربوون.

پـێشتر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا چەندان جار دووپاتیکردەوە وڵاتەکەی ئۆپەراسیۆنێک لەدژی هێزە کوردیـیەکانی سوریا ئەنجام دەدات ئەگەربێت شاری مەنبج چۆڵ نەکەن.