تشرینی دووه‌م 21, 2018 08:02 Asia/Tehran
  • ڕاوێژی جابریی ئەنساری لەگەڵ دی میستورا و کۆمەڵێک لە نەیارانی سووری لە سوییسڕا

حسەین جابریی ئەنساری یاریدەری باڵای وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری تایبەتی سیاسی و دانوستانکاری باڵای ئێران لە وتووێژە نێونەتەوەییەکانی ئاشتیی سووریا لەگەڵ ستیفان دی میستورا نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بۆ کاروباری سووریا و کۆمەڵێک لە نەیارانی سووری لە سوییسڕا دیدارو وتووێژی کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا ، لەو دیدارو وتووێژانەدا کە بە شێوەی جیاجیا لە ڕۆژانی دوو شەممەو سێ شەممە ئەنجامی گرت، لە بارەی چارەسەریی گرفتەکانی بەردەم دامەزران و کەوتنەگەڕی لێژنەی یاسای بنەڕەتیی سووریاو بەرنامەکانی خولی تازەی کۆبوونەوەی نێونەتەوەیی ئاشتیی سووریا کە بڕیار وایە ڕۆژانی کۆتایی حەوتەی داھاتوو لە ئاستانەی پێتەختی کازاخستان بەڕێوە بچێت، باس و وتووێژ کرا.

یاریدەری باڵای وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری تایبەتی سیاسی و دانوستانکاری باڵای ئێران لە وتووێژە نێونەتەوەییەکانی ئاشتیی سووریا حەوتەی ڕابردووش ھەر لە دیمەشق دا چاوی بە بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری سووریا، وەلیدموعەللیم وەزیری دەرەوەو کۆمەڵێکی تر لە کاربەدەستانی سیاسی و ئاسایشتیی سووریا کەوت و سەبارەت بە دوایین ئاڵ و گۆڕەکانی ئەو وڵاتە و پڕسەکانی ھاوپەیوەند بە لێژنەی یاسای بنەڕەتیی سووریا وتووێژی لەگەڵ دا کردن.

کۆماری ئیبسلامیی ئێران وەکوو وڵاتێکی شوێن دانەری ناوچەکە بەردەوام بە دووی چارەسەریی قەیرانەکانی ڕۆژھەڵاتی ناڤین لەوانە قەیرانی سووریا بووە لە ڕێگای سیاسییەوە.

ھەر لەم ئاراستەیەش دا، دانوستانەکانی ئاستانە لە ژانویەی ٢٠١٧ لە سەردەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ھاوکاریی ڕووسیاو تورکیا بە مەبەستی چەسپاندنی ئاشتی لە سووریا دەستی پێ کراوە.

ئەنجامی سەرەکیی ئەم دانوستانگەلە پێکھێنانی ناوچەگەلی کەم ئاڵۆزی لە سووریادا بووە.

جێگای ئاماژەیە ئێران و ڕووسیاو تورکیا چوارەمی مانگی مای و لە چوارەمین خولی دانوستانەکاندا، تەبایی نامەی پێکهێنانی چوار ناوچەی هێمنیان لە سووریادا واژۆ کرد کە داگری ناوچەگەلێکی پارێزگاکانی ئەدلەب، بەشگەلێکی حومس، غوتەی ڕۆژهەڵات، دەرعاو قەنیترەیە بە مەبەستی کەم کردنەوەی خێرای ئاڵۆزی و توندوتیژییەکان.

ڕاگیرانی تەواوی کردارە جەنگییەکان لە نێوان لایەنە تێکهەڵچووەکان، داگری هێزەکانی دەوڵەتی و ئەو نەیارانەی هۆگری ئاگربڕەکەن، ئاسانکاری بۆ دەست ڕاگەییشتنی دانیشتووان بە یارمەتییە مرۆڤییەکان، بنیات نانەوەی ژێرخانەکان، دابین کردنی هەل و مەرجی گەییشتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی و گەڕانەوەی ئاوارەکانیش لەو تەبایی نامەیەدا پێداگریی لە سەر کراوە.