کانونی یه‌که‌م 04, 2018 13:37 Asia/Tehran
  • وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران: ئێران پێویستی بە بنکەی سەربازی لە سووریا نییە

وتەبێژی باڵای هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: ئێران پێویستی بەوە نییە هیچ بنکە و ناوەندێکی لە وڵاتی سووریادا هەبێ کە وڵاتێک بیهەوێ پەلاماری بدات.

سەردار سەرتیپ پاسدار "ئەبولفەزل شکارچی" وتەبێژی باڵای هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی سێشەممە لە تووێژ لەگەڵ ئیرنادا بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە ئێران هیچ چەشنە دەسوەردانێکی لە کاروباری ناوخۆیی ئێراق و سووریادا نییە، وتیشی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە داخوازی دەوڵەتان و گەلانی ئێراق و سووریا یارمەتیی ڕاووێژکاریی ئاراستەی ئەم وڵاتانە دەکات.

سەردار شکارچی راشکاوانە ڕایگەیاند: ئامادە بوونی راوێژکارانی سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سووریا  و ئێراق تەواو یاساییە.

وتەبێژی باڵای هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە هاوکاری راوێژکارانی ئێرانی و ڕووس لەگەڵ یەکتری لە سووریادا دا وتیشی: ئێران و ڕووسیا لە کاروباری ڕاوێژکاریی سیاسییدا پێکەوە هەواهەنگن.

قەیران لە سووریا لە ساڵی ٢٠١١ـەوە بە پەلاماری بەربڵاوی گرووپە تیرۆریستییەکانی داکۆکی کراو لە لایەن عەرەبستان، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان لە پێناو گۆڕینی هاوکێشەکانی ناوچە بە سوودی ڕژێمی زایۆنی دەست پێبوو.

دوابەدوای ئەوە سووریا داوای لە ئێران  و ڕووسیا کرد کە لە خەباتی دژ بە  تیرۆریستان یارمەتیدەری دیمەشق بن.

سوپای سووریا ساڵی ڕابردوو بە یارمەتیی ڕاوێژکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و داکۆکیی و پشتیوانیی ڕووسیا توانی شاری بوکەمال لە باشووری پارێزگای دەیروزور لە ڕۆژهەلاتی سووریا (دوایین بنکەی سەرەکیی تیرۆریستانی داعش) ڕزگار بکات.

 

سەرپەیڤ