• فڕۆکە شەڕکەرەکانی ھاوپەیمانیی ئەمریکی دێرۆزووری سووریایان بوردومان کرد_ پێنج کەسی سڤیل کوژران

فڕۆکە شەڕکەرەکانی ھاوپەیمانیی نێونەتەوەیی بەناو دژی داعش بە سەرکردایەتیی ئەمریکا، شەوی پێنج شەممە گوندی ھەجینی دێروزووزی ڕۆژھەڵاتی سووریایان بوردومان کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ھاوپەیمانیی نێونەتەوەیی بەناو دژی داعش بە سەرکردایەتیی ئەمریکا،شەوی پێنج شەممە گوندی ھەجینی دێروزووزی ڕۆژھەڵاتی سووریایان بوردومان کرد. کە لە ئەنجامی ئەو شاڵاوانە لانیکەم پێنج شارومەندی سڤیلی سووریا کوژراون.

فڕۆکە شەڕکەرەکانی ھاوپەیمانیی ئەمریکی لە ماوەی حەوتەکانی ئەم دواییەدا گەلێک جار ناوچە جۆربەجۆرەکانی پارێزگای دێرۆزووریان بوردومان کردووە. ھاوپەیمانیی ئەمریکی لە ھێندێک لەو ھێرشانەدا بۆمبای قەدەغەی فسفۆرییان بەکار ھێناوە.

دەوڵەتی سووریا گەلێک جار بە ناردنی نامە بۆ سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشت داوای لێ کردوون کە کۆتایی بە دڕندەکارییەکانی ھاوپەیمانیی ئەمریکی لە سووریادا بھێنن.

تاقمی چاودێریی « ئەیروارێز» کە شاڵاوەکانی ھاوپەیمانیی نێونەتەوەیی بەناو دژی داعش بە سەرکردایەتیی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و سووریای لەبن چاودێری دایە، لەم دواییەدا ڕایگەیاندووە، پتر لە پێنج ھەزار کەسی سڤیل لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە ھەتاکوو ئێستا لە شاڵاوە ئاسمانییەکانی ھاوپەیمانیی نێونەتەوەیی بەناو دژی داعش بە سەرکردایەتیی ئەمریکا لە دوو وڵاتی عێراق و سووریا کوژراون.

ئەمریکا لە ماوەی ساڵانی ئەم دواییە دا بە بیانووی خەباتی دژی تاقمە تیرۆریستییەکان، خەڵکی سڤیلی لە سووریاو عێراق کردووەتە ئامانج.

ئەمریکاو چەند وڵاتی هاوپەیمانی خۆی، لە مانگی ئوتی ساڵی 2014 بە بیانووی خەباتی دژی تاقمی تیرۆریستی داعش بەدەر لە چوارچێوەی ڕێکخراوەی نەتەوەکان و بە بێ هاواهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی سووریا هاوپەیمانییان پێک هێنا.

ئەم هاوپەیمانییە ئەمریکییە هەتا ئێستا زۆرێک لە شارومەندانی بێ دەرەتانی سووری و عێراقییان لە پارێزگا جۆربەجۆرەکانی ئەم دو وڵاتە لە خاک و خوێن دا گەوزاندووە. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە بە پێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، ئەمریکاو هاوبەشە ڕۆژئاوایی و عەرەبییەکانی ئەم وڵاتە بۆ خۆیان لە پێکهێنەران و دابینکەرانی سەرەکیی دراڤ و چەک و چۆڵی تاقمە تیرۆریستەکان و لەوانە داعش دێنە ئەژمار.

 

 

Dec 06, 2018 10:03 Asia/Tehran
بۆچوونت