کانونی یه‌که‌م 13, 2018 08:49 Asia/Tehran
  • دیداری شاندی ڕووسیا لەگەڵ بەشار ئەسەد لە دیمەشق

شاندێکی داگری کاربەدەستانی وەزارەتی بەرەڤانی و دەرەوەی ڕووسیا ڕۆژی چوارشەممە لە دیمەشق لەگەڵ بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری سووریا دیدارو وتووێژیان کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فارس، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند: شاندەکەی ڕووسیاو بەشار ئەسەد لەم دیدارەدا سەبارەت بە پرسی ناوچەکەو ھەروەھا پێکھاتنی لێژنەیەکی یاسای بنەڕەتی و ئاڵ و گۆڕەکانی سووریا باس و وتووێژیان کردووە.

بە پێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، ھەڕدوک لا لەم دیدارەدا سەرنجێکی تایبەتییان داوە بە ئەرکی پێکھێنان و دەست پێکرانی چالاکییەکانی لێژنەی یاسای بنەڕەتی لە سەر بنەمای بڕیارەکانی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتیمانیی سووریاو بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی  ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان.

ئلێکساندەر لاورنتیف Alexander Lavrentiev نوێنەری تایبەتی ڤلادیمیر پوتینی سەرۆک کۆماری ڕووسیا بۆ کاروباری سووریاو سێرگێئی ورشینین Sergey Vershinin یاریدەری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناڤین ئامادەی دیدارەکە بوون.

کۆنگرەی دیالۆگی نیشتیمانیی سووریا لە ماوەی ڕۆژانی ٢٩و ٣٠ی ژانویە لە شاری سوچیی ڕووسیا بەڕێوە چوو.

لەم دانیشتنەدا لە سەر پێکھاتنی لێژنەی یاسای بنەڕەتی بە بەشداریی نوێنەرانی دەوڵەت و نەیارانی سووری بە مەبەستی ئەنجام گرتنی چاکسازی لە یاسای بنەڕەتی کە یارمەتیی چارەسەرکرانی سیاسیانەی قەیرانی سیاسیی دەدات لەژێر چاودێریی ڕێکخراوەی نەتەوەکان و بەگوێرەی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایشت، پێداگری کرا.

ڕێککەوتن لە بارەی بەرپاکرانی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتیمانیی سووریا لە ڕەوتی دانیشتنەکەی نوامبەری ٢٠١٧ی سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕووسیاو تورکیا واتە وڵاتانی دەستەبەرکاری ڕەوتی ئاستانە لە ڕووسیا، مسۆگەر کرا.

هەتا ئێستا لە سەردەستی  ئێران و ڕووسیاو تورکیا چەند خولی دانیشتنی تایبەت بە سووریا لە ئاستانەی پێتەختی کازاخستان بەڕێوە چووە، یەکەم خولی ئەم دانوستانانە  لە ژانویەی ٢٠١٧ و بە داھێنانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ھاوکاریی ڕووسیاو تورکیا بە مەبەستی دامەزرانی ئاشتی لە سوڕوویا دەستی پێ کرا.

قەیرانی سووریا لە ساڵی دووهەزاو یازدەوە لە ئەنجامی هێرشی بەربڵاوی ئەو تاقمە تیرۆڕیستیانەی کە لە لایەن عەرەبستان و ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیانەوە لەوانە تورکیا لایەنگرییان لێ دەکرێت بە مەبەستی ڕوخاندنی دەوڵەتی یاسایی بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە و بە مەبەستی گۆڕینی هاوسەنگیی ناوچەکە بە قازانجی ڕژێمی زایونی دەستی پێ کراوە.