کانونی یه‌که‌م 17, 2018 14:06 Asia/Tehran
  • مەسەدە: تورکیا لەدووی داگیرکارییە لە سوریادا

مەجلیسی دیموکراتیکی سوریا لە بەیاننامەیەکدا بەئاماژە بە قسەی پڕهەڕەشەی سەرۆک کۆماری تورکیا لەمەڕ ئەنجامدانی هەڵمەتێکی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات ڕایگەیاندووە: لێدوانی پڕهەڕەشەو گوڕەشەی تورکیا لەدژ باکوری سوریا، لەڕاستیدا پێشاندەری ئامانجی داگیرکەرانەی تورکیا لە سوریایە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، مەجلیسی دیموکراتیکی سوریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، تورکیا بەو هەڕەشەو گوڕەشانەی باری نائاسایی لە ناوچە تاوپێ دەدا. ئەو لێدوانانە دەرگاکانی ئاشتەوایی دادەخاو دەبێتەهۆی  بەبنبەست گەیشتنی قەیرانی سوریاو بەچارەسەرنەکراوی مانەوەی ئەو قەیرانە. لەڕاستیدا تورکیا بەنیازە قەیرانێک کە لەنێو ئەو وڵاتەدا هەیە، بگوێزێتەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ.

لە درێژەی ئەو بەیاننامەدا هاتووە: ئەو چەشنە لێدوانانە لە سەردەمێکدا کە بەرەنگاربوونەوەی داعش گەیشتووەتە دواقۆناخ، لەڕاستیدا پێشاندەری ئەوەیە کە حکومەتە داگیرکەرەکانی وەک تورکیا نایانەوێ داعش بەتەواوەتی لەبەین بچێ.

لە بەیاننامەی مەسەدەدا هاتووە: لێدوانی مەترسیداری لایەنی تورکی لەڕاستیدا بۆ دروست کردنی پاشاگەردانی لەسوریاو پارچە پارچە کرانی ئەو وڵاتەیە.

لە درێژەی ئەو بەیاننامەدا هاتووە: مەجلیسی دیموکراتیکی سوریا بانگهێشتنی هەموو باڵ ولایەنە دیموکراتیکەکان دەکا بۆ چارەسەریی سیاسی قەیرانی سوریا هەوڵ بدەن و داواش لە کۆمەڵگای جیهانی و ڕێکخراوی نەتەوەکان دەکەین بەرەوڕووی ئەو ڕەفتارە داگیرکەرانانە ببنەوە کە هەموو هەوڵەکانیان بۆ چارەسەریی ئاشتیانەی قەیرانی سوریا ناکارا دەکا.

رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا چوارشەممەی ڕابردوو لەوتاردانێک لە کۆبوونەوەی پیشەسازییە بەرگرییەکانی ئانکارا وتی: لەڕۆژانی داهاتوودا ئۆپراسیۆنی رۆژهەڵاتی فوڕات کە کۆنترۆڵی لەدەست کوردانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریادایە، دەس پێ دەکەین.