کانونی یه‌که‌م 18, 2018 17:10 Asia/Tehran
  • ساڵح موسلیم: ئەمریکاو تورکیا بەنهێنی کاردەکەن

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس بەگێڕانەوە لە هەواڵدەریی هاوارنیوز، ساڵح موسلیم، بەرپرسی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی بزاڤی جڤاکی دیموکراتیکی کوردانی سوریا (تەڤدەم) لە لێدوانێکدا ، هەڕەشەی ڕوولەپەرەی ئەم دواییەی تورکیا لەمەڕ هێرشی سەربازی بۆسەر ڕۆژهەڵاتی فوڕاتی لێکدایەوەو بەئاماژە بە دیدارەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی ئەمریکا و تورکیا، ڕایگەیاندووە: ئەمریکاو تورکیا پێکەوە بەنهێنی کار دەکەن کە ئێمە ئاگاداریان نین. هەڕەشەو گوڕەشەکانی تورکیا ڕاگەیاندنی شەڕ لەدژ هەموو کوردانە.

ناوبراو لە درێژەی لێدوانەکانیدا وتوویەتی: نازانین لەپشت پەردە لەنێوان تورکیاو ئەمریکا چ دانوستانێک دەکرێ بەڵام هێزەکانی ناوچە جگە لە گەلەکەیان بیرلە هیچ هێزێکی دیکە ناکەنەوە. لە عەفرین بۆمبەکانی ناتۆ لەدژمان بەکارهێنرا. تورکیا بۆ ئەوەی کوردەکان هیچ دەسکەوتێکیان نەبێ هەردەم لەهەوڵدایە. بۆیە زۆرجار ڕوو دەکاتە ناتۆ و زۆر جاریش بەرەولای ڕووسیا دەچێ. ئەمریکاش لەلایەکەوە نایەوێ کوردەکان لەدەست بدات لەلایەکی دیکەشەوە گرینگی بەتورکیا دەدا.  تورکیا وەک ئەمریکا ئەندامی ناتۆیە ، ئەمریکا نایەوێ ئێمەو ئەوان لەکیس بدات. ئەردۆغان و حکومەتی تورکیا ئەو ڕەوشە دەقۆزنەوەو زیاترین کەڵکی لێ وەردەگرن.