کانونی یه‌که‌م 21, 2018 12:45 Asia/Tehran
  • ڕووسیا: ئەمریکا پەنای داوە بە تیرۆریستان لە ناوچە داگیرکراوەکانی سووریادا

وتەبێژی وەزارتی دەرەوەی ڕووسیا بە ئاماژە بەوەی کە ئەمریکا بە داگیر کردنی سووریا بووە بە لەمپەرێک لە سەر ڕێگای چارەسەر کرانی سیاسیی قەیران لەم وڵاتە، وتیشی: تیرۆریستان ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکایان کردووە بە مەکۆ و پەناگەیەک بۆ خۆیان.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "ماریا زاخارۆڤا" ڕۆژی پێنجشەممە وتیشی داکۆکیی هێزی ئەمریکایی لە تیرۆریستان لەوان داعش لە باکووری سووریا بەتایبەت لە نزیکی بنکەی ئەمریکایی "تنف" بۆ هەموان ڕوون و ئاشکرایە تا ڕادەیەک کە هێزی ئەمریکایی ڕێگا بە کەس نادەن بچێتە نێو ئەو ناوچەوە.

وتەبێژی وەزارتی دەرەوەی ڕووسیا داکۆکی لە وتووێژی نێوماڵیی لایەنە سوورییەکان و خۆدوور خستنەوە لەهەرچەشنە توند و تیژی بە تەنیا ڕێگای کۆتایی هێنان بە قەیرانی ئەم وڵاتە زانی.

زاخارۆڤا بە ئاماژە بە هەوڵە هاوبەشەکانی مۆسکۆ، تاران و ئانکارا بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی سووریا لە ڕێگای کۆبوونەوەکانی ئاستانە وتی: هەنگاوی گرینگی ڕاوێژکاریی نێوان لایەنە سوورییەکان سەبارەت بە داڕشتی لێژنەی یاسای بنەڕەتی بوو کە وەزیرانی دەرەوەی ئێران، ڕووسیا و تورکیا وەکوو پشتیوانانی ئاشتیی ئاستانە هاوڕێ لەگەڵ "ستێفان دیمیستۆرا" نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری سووریا لە سەر ئەو تەوەرە گەیشتنە تەبایی.

قەیران لە سووریا لە ساڵی ٢٠١١ـەوە بە پەلاماری بەربڵاوی گرووپە تیرۆریستییەکانی داکۆکی کراو لە لایەن عەرەبستان، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان لە پێناو گۆڕینی هاوکێشەکانی ناوچە بە سوودی ڕژێمی زایۆنی دەست پێبوو. دوابەدوای ئەوە سووریا داوای لە ئێران  و ڕووسیا کرد کە لە خەباتی دژ بە  تیرۆریستان یارمەتیدەری دیمەشق بن.

 

 

سەرپەیڤ