کانونی دوھەم 01, 2019 10:59 Asia/Tehran
  • ھێرشی فڕۆکەشەڕ کەرەکانی  عێراق بۆ سەر کۆبوونەوەی سەرکردەکانی داعش لە دێرۆزووری سووریا

فڕۆکەشەڕ کەرەکانی سوپای عێراق ھەڵیانکوتایە سەر بینای شوێنی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی تاقمی ڕەشەکوژو تەکفیریی داعش لە ناوچەی سوسە لە گردوپەڕی شاری بوکەماڵی سەربە پارێزگای سووریا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، ئەرکانی ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی سەربە وەزارەتی بەرەڤانیی عێراق ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند: فڕۆکەشەڕ کەرەکانی ھێزی ئاسمانیی ئەم وڵاتە بینای شوێنی کۆبوونەوەی تاقمی ڕەشەکوژو تەکفیریی داعشی کە لانیکەم سی کەس لە سەرکردەکانی ئەم تاقمە تیرۆریستەی تیادا بوو دایەبەر پەلامارو بەتەواوی خاپووری کرد.

بە پێی بەیاننامەی وەزارەتی بەرەڤانیی عێراق، ئەم ھەڵمەتە ئاسمانییە بۆ سەر خاکی سووریا بەفەرمانی عادڵ عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیران و سەرکردەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق و بە گوێرەی زانیاریی دام و دەزگا ھەواڵگرییەکانی عێراق ئەنجامی گرتووە.

فاڵح فەیاز ڕاوێژکاری ئاسایشتی نیشتیمانیی عێراق دوای دیداری ئەم دواییە لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سووریا وتبووی: سووریا ڕەزامەند بووە بە داخوازیی عێراق لەمەڕ کرداری بەغدا بۆ بوردومان کردنی مۆڵگەو مەتەرێزی داعش لە خاکی سووریادا بەبێ مۆڵەت دانی پێشتری دیمەشق.

عێراق ھەتاکوو ئێستا بە ڕەزامەندیی دیمەشق چەندین ھەڵمەتی ئاسمانیی دژی بنکەو مۆڵگەکانی داعش لە خاکی سووریادا ئەنجام داوە.

قەیرانی سووریا لە ساڵی دووهەزاو یازدەوەو قەیرانی عێراقیش لە ساڵی دووهەزاروچواردەو لە ئەنجامی هێرشی بەربڵاوی ئەو تاقمە تیرۆڕیستیانەی کە لە لایەن عەرەبستان و ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیان لەوانە تورکیاوە لایەنگرییان لێ دەکرێت بە مەبەستی  ڕوخاندنی دەوڵەتی یاسایی بەشار ئەسەدو گۆڕینی هاوسەنگیی ناوچەکە بە قازانجی ڕژێمی زایونی دەستی پێ کراوە ، کە لە ئەنجامی گیان بەختکاریی سوپاو جەماوەری ھەردووک وڵاتی عێراق و سووریا ئەو پیلانانەی دوژمنان پووچەڵ بووەتەوە.

سەرپەیڤ