کانونی دوھەم 09, 2019 13:44 Asia/Tehran
  • شاهۆز حەسەن، هاوسەرۆکی پەیەدە: ئەگەری هێرشی تورکیا جیددییە

هاوسەرۆکی پەیەدە پاش سەردانی ناتەواوی بۆڵتۆن لە تورکیا، ئەگەری هێرشی تورکیا بۆسەر باکوری سوریای بەجیددی لێکدایەوەو ڕایگەیاند، کوردەکانی سوریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی تورکیا ئامادەن.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، "شاهۆز حەسەن" هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیکی سوریا(پەیەدە) ڕایگەیاند، لە لێدوانی کاربەدەستانی تورک ئەوە دەردەکەوێ کە ئەو وڵاتە مکوڕە لەسەر هێرش کردنەسەر باکوری سوریا، بەڵام کوردەکانی سوریا بۆ بەرەوڕووبوونەوەی هێرشی شیمانەیی سوپای تورکیا وهاوپەیمانەکانی بۆ باکوری سوریا، ئامادەن.

شاهۆز حەسەن لەدیمانە لەگەڵ ئاسۆشوەیتدپرێس وتی: "ئێمە خەریکین لەڕێی خۆڕاگرییەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی تورکیا ، ئامادە دەبین."

لێدوانەکانی هاوسەرۆکی پەیەدە پاش ئەوە هاتە ئاراوە کە "جان بۆڵتۆن"ی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی سەرۆک کۆماری ئەمریکا پێش کۆتایی هاتنی بەرنامەکانی و بێ دیدار لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ وتووێژ لەبارەی پەلاماری شیمانەیی تورکیا بۆسەر کوردەکانی سوریا، ئانکارای جێهێشت.

شاهۆز حەسەن وتی کە هیوادارە ئەنجامی سەفەری بۆڵتۆن هەتا چەند رۆژی داهاتوو ئاشکرا ببێ. ناوبراو وتیشی؛ کوردانی سوریا لەگەڵ ڕووسیاو حکومەتی سوریا لەپەیوەندیدان و دەتوانن وەک ڕێککەوتنەکەی مانگی ڕابردوو، کە هێزەکانی سوریا هاتنەنێو بەشگەلێک لەناوچەی منبەج، ڕێککەوتنی نوێ بکەن.