کانونی دوھەم 14, 2019 19:00 Asia/Tehran
  • گەڕانەوەی زیاتر لە هەزار ئاوارەی سوری بۆ سەر ماڵ و حاڵەکانیان

بەرپرسانی سوری ڕایانگەیاند، لەدوو ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە هەزار کۆچبەری سوری لە ناوچەکانی ژێرکۆنترۆڵی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی فوڕات گەڕاونەوە شارەکانیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سوپای سوریا.

بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ دووشەممەی هەواڵدەریی سپۆتنیک، ئاوارە سوریەکان کە پاش قووڵبوونەوەی ئاڵۆزی و چوونەسەری ئاستی هەوڵە ترۆریستییەکان لە شارەکانیان هەڵاتوون، ئێستا بە سەندنەوەی ئەو ناوچانە لەلایەن سوپای سوریا، خەریکی گەڕانەوە بۆ شارو گوندەکانیانن.

ناوەندی ڕووسی وەرگرتن و داڵدەدانی کۆچبەرانی سوریش رۆژی ڕابردوو ڕایگەیاند: زیاتر لە هەزار و ٤٠٠ ئاوارەی سوری لە بیست و چوار کاژێری ڕابردوو لە لوبنان و ئۆردۆن گەڕاونەوە وڵاتەکەیان.

لە قەیرانی هەشت ساڵانی سوری زیاتر لە ١٢ ملوێن کەس لە حەشیمەتی ئەو وڵاتە لەناوخۆ و دەرەوەی، ئاوارە بوون.

زیاتر لە پێنج ملوێن کەس لە وڵاتانی دراوسێی وەک تورکیا، ئۆردۆن و لوبنان و وڵاتانی ئوروپایی ئاوارەن کە پاش جێگیربوونی هێمنی لەناوچەکانی ژێرچاودێریی حکومەتی سوریا، شاڵاوی گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکانیان دەس پێ بووەو تائێستا نزیک بە پێنج ملوێن کەس لەناوخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتە گەڕاونەوە ماڵ و حاڵەکانیان.

سەرپەیڤ