شوبات 15, 2019 11:10 Asia/Tehran
  • ئەردوغان ڕەوتی ئاستانەی بە سەرکەوتووترین گەڵاڵەی چارەسەر کردنی قەیرانی سووریا زانی

سەرۆک کۆماری تورکیا وتی: رەوتی ئاستانە سەرکەوتووترین گەڵاڵەیە بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی سووریا.

بە پێی راپۆرتی کەناڵی تەلەڤزیۆنیی ڕووسیا ئەلیەوم؛ "ڕەجەب تەیب ئەردوغان" کە ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆبوونەوەی سێ لایەنەی سەرانی ئێران، ڕوسیا و تورکیا لە شاری سوچیی ڕووسیا قسەی دەکرد، وتیشی: ڕەوتی ئاستانە چ لە راگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان، چ لە دامەزراندنی ئاگربڕ، چ لە ئاشتی دامەزراندن و چ لە دیاری کردنی ناوچەی کەم کێشە، گەورەترین گەڵاڵەی سەرکەوتن بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی سووریا بوو.

ئەردوغان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی کرد لە کاتێکدا کە هەوڵ دەدرێ تا ئیتر هیچ خوێنیک لە سووریا نەڕژێ، بەڵام هەندێ وڵاتی ڕۆژاوایی ئێستایش هەر هەوڵ دەدەن شەڕو  پێکدادان لە سووریا هەر درێژەی هەبێ.

"حەسەن ڕۆحانی" ، "ڤیلادیمیر پوتین" و "ڕەجەب تەیب ئەردوغان" سەرۆک کۆمارانی ئێران، ڕووسیا و تورکیا لە کۆبوونەوەی یەک ڕۆژەی شاری سوچی سەبارەت بە ئەنجامی دانوستانەکانی ناسراو بە رەوتی ئاستانە و دەسپێبوونی پرۆسەی سیاسیی ناوخۆیی، یەکپارچەیی خاک، دەسەڵاتدارێتیی ویست و ورەی گشتی خەڵکی سووریا و هاوکاری لە سەردەمی بنیاتنانەوەی ئەم وڵاتە بیرو  رایان گۆڕییەوە.

دانوستانەکانی ئاستانە لە ژانڤییەی ٢٠١٧ـەوە بە دەسپێشخەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هاوکاریی ڕووسیا و تورکیا، بە مەبەستی چەسپاندنی ئاشتی لە سووریا بەڕێوە چوو و تا ئیستا بە سەرکەوتوویی چۆتە پێشەوە.

یەکەم خولی کۆبوونەوەی سەرانی سێ وڵاتی دەستەبەرکاری دانوستانی ئاستانە، ٢٢ی نۆڤەمبەری ٢٠١٧ لە شاری سوچی"ی ڕوسیا ، خولی دووەم چوارەم ئاپریلی ٢٠١٨ لە ئانکارا و خولی سێهەم حەوتەمی سێپتەمبەری ٢٠١٨ لە تاران بە ئامادەبوونی "حەسەن ڕۆحانی"، "ڤیلادمیر پوتین" و "ڕەجەب تەیب ئەردوغان" بەڕێوە چووە.

قەیران لە سووریا لە ساڵی ٢٠١١ـەوە بە پەلاماری بەربڵاوی گرووپە تیرۆریستییەکانی داکۆکی کراو لە لایەن عەرەبستان، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان لە پێناو گۆڕینی هاوکێشەکانی ناوچە بە سوودی ڕژێمی زایۆنی دەست پێبوو