ئادار 19, 2019 07:46 Asia/Tehran
  • بەشار ئەسەد: پەیوەندییەکانی دیمەشق و تاران و بەغدا گەلێک پتەوە

سەرۆک کۆماری سووریا شەوی سێ شەممە لە دیداری شاندە سەربازییەکانی ئێران و عێراق، پەیوەندییەکانی ھەر سێ وڵاتەکەی بە پتەو نرخاندو وتیشی: ئەم پەیوەندییە ھێزمەندە لە سەردەمی شەڕدا پتەوتر بووەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سووریا لەم دیدارەدا پێی داگرت: ھێزەچەکدارەکانی سووریا، ئێران و عێراق لە سەردەمی شەڕو بەرنگار بوونەوەی تیرۆریزم، گیان بەختکاری و لەخۆبردوویی زۆریان لە خۆیان پیشان داوە.

سەرداری سەرلەشکەر پاسدار "محەممەد باقری " سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ڕۆژی یەکشەممە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای سەربازی بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی سێ قۆڵیی سەرۆکانی ئەرکانی گشتیی ھێزەچەکدارەکانی ئێران و عێراق و سووریا سەردانی دیمەشفی کرد بوو، لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی دا پێی داگرت: ئەو ڕیگایەی کە ھەر سێ وڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و، سووریا وعێراق شان بە شانی  یەکتر بۆ بەرەنگار بوونەوەی تیرۆریزم لە بەریان گرتووە، ھەروا بەردەوام دەبێت. بەڕێزی تیرۆریزمی بۆ ناوچەکە بە مەترسییەکی بەبڕشتانە زانی و جەختی کرد: خەباتی دژی تیرۆریستان و بەرەڤانی کردن لە سووریا لە ڕاستی دا بەرەڤانی کردن لە عێراق و ئێرانە.

عوسمان غانمی سەرۆکی ئەرکانی گشتیی ھێزەچەکدارەکانی عێراقیش لەم دیدارەدا پێی داگرت: ھێزەکانی عێراق بە ھاواھەنگی لەگەڵ ھێزەکانی سووریا لە سنوورە ھاوبەشەکانی دوو وڵات خەباتی دژی تیرۆریزم بەردەوام دەکەن.

کۆبوونەوەی سێ قۆڵیی ئێران و سووریا وعێراق بە مژاری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە ناوچەکەدا ڕۆژی دووشەممە لە دیمەشقی پێتەختی سووریا بەڕێوە چوو.

قەیرانی سووریا لە ساڵی دووهەزاو یازدەوە لە ئەنجامی هێرشی بەربڵاوی ئەو تاقمە تیرۆڕیستیانەی کە لە لایەن عەرەبستان و ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیانەوە لەوانە تورکیا لایەنگرییان لێ دەکرێت بە مەبەستی ڕوخاندنی دەوڵەتی یاسایی بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە و بە مەبەستی گۆڕینی هاوسەنگیی ناوچەکە بە قازانجی ڕژێمی زایونی دەستی پێ کراوە.

لەشکریانی سووریاو عێراق لەم دواییەدا بە یارمەتیی موستەشارییانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران توانییان دۆسیەی تاقمی تیرۆریستی داعش لەم دوو وڵاتە داخەن.