ئادار 23, 2019 16:57 Asia/Tehran
  • هێزەکانی سووریای دیموکرات سەرکەوتنی یەکجارەکییان بەسەر داعشدا راگەیاند

"چیا فوڕات" فەرماندەری ھێزەکانی سووریای دیموکرات (ھەسەدە) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەناوچەی باغۆز ڕایگەیاند: بەفەرمیی ڕایدەگەیێنین کۆتاییمان هێنا بە هەبوونی جوگرافیایی داعش و هەڵمەتە سەربازییەکان لەدژ داعشمان تەواو کرد.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس بەگێڕانەوە لە هەواڵدەریی هاوارنیوز، پاش پاکتاوکرانی بەتەواوەتی باغۆز وەک دواناوچەی داگیرکراوی دەست داعش لەچنگ ترۆریستانی ئەو گرووپە ترۆریستییەو کۆنترۆڵی ئەو ناوچەیە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتیک(هەسەدە) ، چیا فوڕات، فەرماندەری هەسەدە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی کە لەگەڵ فەرماندەرانی دیکەی ئەو گرووپە لەشاری باغۆزئەنجامی دابوو، بەڕاگەیاندنی شکستی بەتەواوەتی گرووپی ترۆریستیی داعش لە سوریا وتی: ئەمڕۆ بە ڕزگارکرانی دواناوچەی بن دەسەڵاتی داعش لە ناوچەی باغۆز ئۆپراسیۆن وهەڵمەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعشمان کۆتایی پێهێنا.

ناوبراو لەدرێژەی قسەکانیدا هەروەها وتی: ئێمە ئەو سەرکەوتنە پێشکەشی هەموو خەڵکانی جیهان و ناوچە بەتایبەت کورد، عەرەب و سوریانییەکانی سوریا دەکەین. بە فەرمیی ڕایدەگەیێنین کۆتاییمان هێنا بە هەبوونی جوگرافیایی داعش و هەڵمەتە سەربازیەکان لەدژ داعشمان تەواو کرد. لە چەند کاژێری داهاتوو بەیاننامەیەک بەوردیی لەلایەن ناوەندی سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بڵاو دەکرێتەوە.