ئادار 24, 2019 18:54 Asia/Tehran
  • رزگارکرانی ١٧ کوردی ئێزەدی دیکە لە چنگ داعش

١٧ کەسی دیکە لە کوردانی ئێزەدی دیلی دەستی داعش، هاوکات لەگەڵ شکست هێنانی ئەو گرووپە لە باغۆزی سووریا ڕزگار کران بەڵام سوپای عێراق پێشی گرت بەهاتنیان بۆنێو خاکی وڵاتەکەی.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، ماڵپەڕی رۆژ نیوز ڕاپۆری دا، ١٧کەسی دیکە لە کوردانی ئێزدی لەوان ژنێکی ئێزدی بریندار کە لەکاتی پەلاماری داعش بۆسەر شنگال لەساڵی٢٠١٤ی زایینی لەلایەن ئەو گرووپەوە بەدیل گیرابوون، بە شکست هێنانی داعش لە دواقۆناخی ئۆپراسیۆنی باغۆزی سوریا، لەچنگ داگیرکەرانی ترۆریست ڕزگاریان بوو.

ئەو تاقمە لە کوردانی ئێزدی لەلایەن هێزەکانی کورد-عەرەب ناسراو بە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لەدیلێتی ڕزگاریان ببوو و لەلایەن نووسینگەی کاروباری ئێزدیەکان لە کوردستانی سوریا، گوێزرانەوە سنوری نێوان عێراق و سوریا بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ شنگال، بەڵام هێزە سنوریەکانی سوپای عێراق بەناوی ئەوەی کە سنور داخراوە، پێشیان گرت بە هاتنیان بۆنێو خاکی عێراق.

١٧ کوردی ئێزدی پاش ئەوەی سوپای عێراق ڕێگەی نەدا بێنە نێو خاکی ئەو وڵاتە، گەڕێندرانەوە ناوچە کوردنشینەکانی سوریا.

دوابەدوای ئەو کارەی سوپای عێراق، خێزان و کەس وکاری کوردانی ئێزدی ڕزگارکراو کە چاوەڕوانی وەرگرتنەوەیان بوون لەسەر سنور، لەناوچەی خانەسۆری شنگال ناڕەزایەتیان پێشانداو ئەو کردەی سوپایان شەرمەزار کرد.