نیسان 24, 2019 11:32 Asia/Tehran
  • ڕەزامەند بوونی دیمەشق بە پەڕینەوەی فڕۆکەکانی قەتەر لە ئاسمانی سووریا

وەزارەتی گواستنەوەی سووریا ڕەزامەند بوو بە داخوازیی ھێڵی ئاسمانیی قەتەر بۆ دەرکردنی مۆڵەتی فڕینی فڕۆکەکانی ئەم وڵاتە بە ئاسمانی سووریادا.

ھێڵی ئاسمانیی قەتەر ھەر لە سەرەتای سەرھەڵدانی شەڕی سووریا لە ساڵی ٢٠١١وە ھەتاکو ئێستا مۆڵەتی پەڕینەوە لە ھەرێمی ئاسمانیی ئەم وڵاتەی نەبووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی سووریا«سانا» دەرکرانی مۆڵەت بۆ گەشتی ئاسمانیی فڕۆکەکانی قەتەر بە ئاسمانی سووریادا دوای ئەوە دێت کە ئەم وڵاتە لەچاو ساڵانی ڕابردوو ھێمن تر بووەتەوە.

بە قسەی «عەلی حەمود» وەزیری گواستنەوەی سووریا، دیمەشق ڕەزامەند بووە بە داخوازییەکەی وڵاتی قەتەر بۆ دەرکردنی مۆڵەتی فڕینی فڕۆکەکانی بە ئاسمانی سووریاداو ئینجا لە بەرامبەردا فڕۆکەکانی سووریاش بۆیان ھەیە لە ھەرێمی ئاسمانیی قەتەر کەڵک وەربگرن.

لەپاش سەرھەڵدانی قەیران لە نێوان بڕێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ھاوکاریی کەنداوی فارس لەگەڵ قەتەر،وڵاتانی میسر، عەرەبستان ، میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان و بەحرەین  ھەرێمی ئاسمانیی خۆیان لە ڕووی فڕۆکەکانی قەتەر داخست. فڕۆکەکانی قەتەریش کە نەیاندەتوانی لە ئاسمانی باشووری عەرەبستان بپەڕنەوە، بەناچاری ھەرێمی ئاسمانیی عەرەبستانیان لە ڕێگای ئاسمانی ئێرانەوە دەور دەدایەوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش ڕایگەیاند کە فڕۆکەکانی ھێڵی ئاسمانیی قەتەر بۆیان ھەیە بە ئاسانی و بەبێ ھیچ گرفت و لەمپەرێک لە ئاسمانی ئێران بپەڕنەوە.

جێگای ئاماژەیە دوای گەشتەکەی مانگی مای  2017 دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ عەرەبستان و واژۆ کرانی پەیماننامەیەکی چەکەمەنیانە لە نێوان واشێنگتۆن و ریاز و هەروەها لێدوانەکەی ترەمپ لە دانیشتنەکەی ڕیاز دا، ناکۆکیی نێوان قەتەرو عەرەبستان و وڵاتە عەرەبییەکانی دیکە ئاشکرا بوو و لە ئەنجام دا عەرەبستانی سەعودی، میسر، میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان و بەحرەین لە پێنجەمی ژوئەنی 2017  لە بەر هاوتەریب نەبوونی دەوحە لەگەڵ ڕەوتی عەرەبی بە سەرکردایەتیی ڕیاز، دەوڵەتی قەتەریان  بە پشتیوانی کردن لە تیرۆریزم تۆمەتبار کردو پەیوەندیی سیاسی و ئابووریی خۆیانیان لەگەڵ ئەم وڵاتە پچڕاندو دوابەدوای ئەوەش جیا لە داسەپاندنی بایکۆت بە سەر ئەم وڵاتەدا، سنوورەکانی زەوی و دەریاو ئاسمانی خۆشیان لە ڕووی داخست.

 لەو داخوازییانەی وڵاتانی بایکۆتکەری قەتەر داخستنی کەناڵی هەواڵیی ئەلجەزیرە، پێچانەوەی بنکەی سەربازیی تورکیا لە قەتەر، ڕاگیرانی هاوکاریی سەربازیی ئانکارا لەگەڵ دەوحە، دابەزاندنی ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ تاران، پچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ ئێخوانولموسلمین و حیزبوڵڵای لوبنان و خۆیان وتەنی نەمانی پەیوەندی لەگەڵ تاقمە تیرۆریستییەکانە.

سەرپەیڤ