نیسان 25, 2019 17:29 Asia/Tehran
  • تورکیا دیوار بەدەوری عەفرین دا دروست دەکات

تورکیا خەریکی دروست کردنی دیوارە بە دەوری عەفرینی باکووری سووریا و دیوارەکەش ھەر لە قەڵای سمانی عەفرین ھەتا سنوورەکانی ئیدلەب درێژەی دەبێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە کەناڵی ڕووداوەوە، تورکیا خەریکە بە دەوری عەفریندا دیوار دەکێشێت، دیوارەکە لە قەڵای سمانی عەفرینەوە دەست پێدەکات تا سەر سنووری ئیدلیب و ناوچەکانی براد، کیمار، بەسلە، جیلبیرە و مێرمین دەگرێتەوە. هەروەها ئەم دیوارە لە ناوچەی «کیلجبرین» تا «ئەعزاز»یش کێشراوە و  عەفرین بەو دیوارە گەمارۆ دەدرێت.

سەرچاوە خۆجێییەکانیش ڕایانگەیاندووە هێزەکانی سوپای تورکیا و سوپای بە ناو ئازادی سووریا تا ئێستا لە مێرمین ٥٠٠ مەتر، جیلبیرە ٤٠٠ مەتر و لە کیمار ١٠٠ مەتری دیواریان دروست کردووە. بەرزایی دیوارەکە سێ مەتر دەبێت و لە پارچەگەلێکی پێشتر چێکراو پێکھاتووە کە گوێزراوەتەوەو بۆ عەفرین. وەک باسی دەکرێت تورکیا بۆ دروست کردنی ئەم دیوارە لە گردوپەڕی عەفرین دا ٦٠٠ دۆنم زەویی لەبەرچاو گرتووە و ئەو ماڵانەی کە لە سەر ڕێگای ڕەوتی دیوار ھەڵچنینەکەن خاپوور دەکرێن. ھەروەھا ھەتا ئەم کاتە ٥ ھەزارو ٦٩٠ دارە زەیتوونیش لە سەر ڕێگای ئەم دوبرە ھەڵقەندراون.

جێگای ئاماژەیە  پڕۆژەی دیوار دروست کردن  لەسەر سنوورەکانی تورکیا و سووریا لەلایەن تورکیاوە لە ساڵی ٢٠١٥ ی زایینی  دەستی پێکراوە و تورکیا تا ئێستا ٧١١ کیلۆمەتر دیواری لە سنوورە هاوبەشەکاندا دروست کردووە. بەڵام سوپای تورکیا ئەمجارەیان پرۆژەی دیوار دروست کردنەکەی لەنێو خاکی سووریا. بۆ دابڕینی شارێک لە شارەکانی دیکە ئەنجام دەدات.

سوپای تورکیا لە بیست و چوارەمی ئوتی ساڵی دووهەزاروپانزەوە بە پێچەوانەی یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان و بە بێ مۆڵەت وەرگرتن لە حکومەتی یاسایی سووریا وێڕای بەکارھێنانی تاقمە تیرۆریستەکانی ھاوپەیمانی خۆی ، لەوانە سوپای بەناوئازادی سووریا لە دوو ئۆپراسیۆنی سەربازیی خۆی دا ناسراو بە قەڵغانی فۆرات و چڵە زەیتون  چوارھەزار کیلومەتر لە خاکی سوریاو شارەکانی ئەلباب، ئەعزاز، جرابلۆس و عەفرینی لە باکووری ئەم وڵاتە داگیر کرد.ئەمەش لە حاڵێکدایە کە دەوڵەتی سووریا بەردەوام وێڕای ئیدانە کردنی پێشێلکرانی سەروەریی ئەم وڵاتە لە لایەن تورکیاوە، داوای چوونەدەرەوەی دەستبەجێی هێزەکانی تورک لە خاکی سووریای کردووە.