ئاب 12, 2019 10:07 Asia/Tehran
  • ئەنەکەسە : تورکیا لە رۆژهەڵاتی فورات هەوڵی دووپاتکردنەوەی سێناریۆی عفرین ئەدات

عەبدولکەریم میرانی ، نوێنەری ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سوریا ( ئەنەکەسە) لە هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە ئاماژە بە هەنگاوی تورکیا لە مەڕ دامەزارندنی ناوچەی ئەمن لە رۆژهەڵاتی فورات گوتی : تورکیا لە رۆژهەڵاتی فورات هەوڵی دووپاتکردنەوەی سێناریۆی عفرین ئەدات .

بە پێی راپورتی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە هەواڵدەریی KRDnews، عەبدولکەریم میرانی ، نوێنەری ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سوریا ( ئەنەکەسە) لە هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە ئاماژە بە هەنگاوی  تورکیا لە بارەی دامەزراندنی ناوچەی ئەمن لە رۆژهەڵاتی فورات  گوتی ئێمە وەک ئەنەکەسە داکوکی لە بەدیهاتنی ناوچەیەکی ئەمن لە باکووری سوریا دەکەین  ئەم ناوچەیە دەبێ لە ژێر چاوەدێریی کۆمەڵی نێودەوڵەتیدا لە لایەن خەڵکەوە بەڕێوەبچێ .بەڵام تورکیا لەم ناوچەیەدا لە هەوڵی گۆڕینی داڕشتی دیموگرافیکی کوردستانی سوریایە . تورکیا هەوڵ ئەدات 5 ملوێن پەنابەری سوریایی لەم ناوچانەدا نیشتەجێ بکات و لەبەرئەوەیە کە تێدەکۆشێ ناوچەی ئەمن لە رۆژهەڵاتی فورات دامەزرێنێ .

 ناوبراو لە درێژەدا جەختی کردەوە : تورکیا هەوڵ ئەدات ئەمجار سێناریۆی عفرین لە رۆژهەڵاتی فورات دوپاتکاتەوە . هێشتا بڕگەکانی رێککەوتنی نێوان تورکیا وئەمریکا بە روونی رانەگێندراون .  دەسبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی خەڵک لە عفرین ، گوڕینی داڕشتی دیموگرافیک و کردەوەی وەک مرۆڤ رفاندن دەتوانێ بۆجارێکی دیکە لە رۆژهەڵاتی فوراتیش دوپات بێتەوە کە ئەم پرسە بە هیچ جۆر قەبوڵ ناکرێ .