ئه‌یلوول 14, 2019 08:05 Asia/Tehran
  • ئاڵدار خەلیل : تورکیا لە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ئەمریکا لە بارەی ڕۆژھەڵاتی فۆرات کشاوەتەوە

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری کۆمەڵگای دیموکراتی سووریا وتی: لە بەرامبەر تورکیا بۆ ھەر ھەڕەشەیەکی شیمانەیی ئامادەین.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس،ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری کۆمەڵگای دیموکرات وێڕای ئاماژە کردن بە ئاڵوگۆڕەکانی ئەم دواییە لە بارەی کێشەی ناوچەی ئارام لە ڕۆژھەڵاتی فۆرات و بەردەوامیی ھەڕەشەی تورکیا لەمەڕ ھێرشی سەربازی بۆ سەر ئەم ناوچەیە وتی: لە بەرامبەر تورکیا بۆ ھەر ھەڕەشەیەکی شیمانەیی ئامادەین. ناوبراو وتیشی: بە پێچەوانەی ئەوەی وا بانگەشەی دەکرێت بە نیازی دابەش کردنی سووریا نین.

ئاڵدار خەلیل وێڕای ئاماژە کردن بە  دوایین ڕێککەوتنەکانی نێوان تورکیاو ئەمریکا وتیشی: تورکیا لەو ڕێککەوتنانەی کە لەگەڵ ئەمریکا کردوویەتی کشاوەتەوەو بەم کشانەوەیەش نیازی خۆی بۆ ناوچەکە ئاشکرا کردووەو دیارە تورکیا ھێندێک پیلانی پێیە بۆ باکوورو ڕۆژھەڵاتی سووریا.

وتەبێژی پارتی یەکێتیی دیموکراتی سووریا(پەیەدە)ش وێڕای ئاماژە کردن بە ئاڵوگۆڕەکانی ئەم دواییە بە تەوەری پێکھاتنی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا وتوویەتی: ئامادە بوونی ھەمیشەیی سوپای تورکیا لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی فۆرات قەبووڵ ناکەین.

ساڵح موسلیم وتەبێژی پارتی یەکێتیی دیموکراتی سووریا لە لێدوانێکدا  جەختی کردووە: گرینگترینی ئەو خاڵانەی کە لە بارەی ناوچەی ئارامەوە ڕێککەوتنیان لە سەر نەکراوە، پانتایی ئەم ناوچەیەو ئاستی چالاکیی لەشکریانی تورکیا لەم ناوچەیەدایە. لە کاتێکدا کە ئەمریکا ناوچەیەکی ١٥ کیلومەتریی لە قوڵایی خاکی سووریاو لە سنوورەکانی تورکیا بەولاوەی لە بەرچاو گرتووە، کەچی تورکیا داوای دووھێندەی ئەمە دەکات و ئەم مشت و مڕەش بۆ سوپای سووریای دیموکرات کە ھاتنی سوپای تورکیا بۆ ناوچەکە بە ھێڵی سووری خۆی دادەنێت، جێگای نیگەرانییە.