ئه‌یلوول 15, 2019 14:29 Asia/Tehran
  • وەزیری دەرەوەی تورکیا:پاش دامەزراندنی ناوچەی ئارام، 2 ملیۆن پەنابەری سووری بۆ وڵاتەکەیان دەگەڕێندرێنەوە

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە وتەکانیدا ئاماژەی بە دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا کرد و ڕایگەیاند: پاش دامەزراندنی ناوچەی ئارام، 2 ملیۆن پەنابەری سووری کە ئێستا لە وڵاتەکەی ئێمەدان، دەگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەولوود چاوش ئۆغڵۆ لە وتەکانیدا بە ئاماژە بە دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا ، ڕایگەیاند؛ ئەو 2 ملیۆن پەنابەرە سووریە کە لە تورکیا جێگیرن پاش دامەزراندنی ناوچەی ئارام ڕەوانەی وڵاتەکەی خۆیان دەکرێنەوە.

ناوبراو لە درێژەدا ئاماژەی دا بە پڕۆسەی ئەندامێتیی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا و وتی: ئەگەر تورکیا ببێتە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا زیاترین نوێنەری لە پەرلەمانی ئەورووپا دەبێت. لە هەموو شوێنێک هەست بە بوونی تورکیا دەکرێت و هاوسەنگیی نێوان ئەڵمانیا و فەرەنسا تێکدەدرێت. لە پشت دەرکە بەسراوەکانەوە هەم ئەڵمانیا و هەم فەرەنسا ئەوەیان بە ئێمە وتووە کە نایانەوێت لەو دەسەڵاتەدا ئێمە بەشدار بین.

نزیکەی حەوت ملوێن شاروومەندی سووریایی دوابەدوای قەیرانی ٨ ساڵە لە سووریا و لە ترسی گیانی خۆیان پەنایان بردۆتە وڵاتانی جۆربەجۆر لەوان تورکیا و ئێستاکە نزیکەی ٣ ملوێن و ٥٠٠ هەزار شاروومەندی سووریایی لە چەن پارێزگەی تورکیادا دەژین کە ژمارێکی کەم لەوانە (نزیکەی ٨%) لە ئۆردوگاکاندا دەژین و ئەوانی دیکە هەر هەموویان لە شارەکانی تورکیا ژیان دەبەنە سەر.

قەیران لە سووریا لە ساڵی ٢٠١١ـەوە بە پەلاماری بەربڵاوی گرووپە تیرۆریستییەکانی داکۆکی کراو لە لایەن عەرەبستان، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان لە پێناو گۆڕینی هاوکێشەکانی ناوچە بە سوودی ڕژێمی زایۆنی دەست پێبووە کە بە هۆی هەوڵی سوپا و جەماوەری سووریا هەمو پیکانەکانی دوژمنان پوچەڵ بۆتەوە.