تشرینی یه‌که‌م 09, 2019 09:05 Asia/Tehran
  • نیگەرانی دەربڕینی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە گۆڕانکاریەکانی باکوری سوریا

وتەبێژی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە گۆڕانکاریەکانی باکوری سوریا پێی داگرت؛ هیچ ڕێگاچارەیەکی سەربازی نییە بۆ قەیرانی ئەو وڵاتە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، "ستێفان دوجاریک" رۆژی سێ شەممە بەئاماژە بە گۆڕانکاریەکانی باکوری سوریا وتی؛ سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان بەدەربڕینی نیگەرانی فراوان بەیاننامەکانی ئەم دواییە لەبارەی باکوری سوریا پێوشوێن دەگرێ، بەتایبەت مەترسییەک کە لەمەڕ کردەی شیمانەیی سەربازی دژ بە کەسانی سیڤیل لەئارادایە.

سوپای تورکیا لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوو چەندین جار دەسدرێژی کردۆتەسەر خاکی سوریا. لەنوێترین جم و جۆڵەکانی تورکیا بۆ دەسدرێژی کردنەسەر خاکی سوریا، رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رۆژی شەممە باسی دەسپێکی بەزوویی هەڵمەتی سەربازیی ئەو وڵاتە لەباکوری سوریای کرد بەبیانووی بەرەنگاربوونەوەی کوردەکانی ئەو وڵاتە. رۆژی دووشەممە سوپای تورکیا هێرشی کردەسەر ناوچەی تەل تەویل لەباکوری رۆژهەڵاتی پارێزگای سنوریی حەسەکە. بەپێی ڕاگەیاندنی میدیا هەواڵییەکان، پاش ئەو پەلامارە، زیانی ماددی زۆر لە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک(هەسەدە) کەوت.

وەزارەتی بەرگریی تورکیاش رۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، پێشەکییەکان بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆسەر ڕۆژهەڵاتی فوڕات ئامادەکراوە. لەبەرامبەریشدا هێزەکانی سوریای دیموکراتیک وشدارییان دا کە هێرشی تورکیا دەکەن بە شەڕێکی تۆکمەوتەواو. حکومەتی سوریا تائێستا چەندین جار هێرشی تورکیا بۆسەر خاکی وڵاتەکەی بە کردەیەکی داگیرکەرانەو پێشێلکردنی سەروەرییەکەی زانیوەو شەرمەزاری کردووە.