تشرینی یه‌که‌م 12, 2019 14:31 Asia/Tehran
  • ئەمریکا هێرشى تورکیا بۆ سەر بنکەیەکى سەربازى هێزەکانى لە کۆبانى پشتڕاست دەکاتەوە

وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، هێزەکانیان لە باکوورى رۆژهه‌ڵاتى سووریا لەلایەن تورکیاوە تۆپباران کراوه.

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پێنتاگۆن" پشتڕاستى کردەوە، شەوى رابردوو هێزە ئەمریکییەکان لە  باکووری سوریا  رووبەڕووی بۆردومانی تۆپهاوێژ بوونەوە لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە، بەڵام وەزارەتی بەرگری تورکیا رەتی کردەوە هیچ پێگەیەکی ئەمریکا لەو ناوچەیە بۆردومان کرابێت.

برۆک دیواڵت وتەبێژی پێنتاگۆن روونیکردەوە، بۆردۆمانەکە لەدووری سەدان مەترەوە لەدەرەوەی ئەو ناوچە ئەمنییە روویدا و، تورکەکان دەزانن کە هێزی ئەمریکی لەو ناوچەیە هەیە.

دیواڵت، باسى لەوەکردوە، لەو بۆردومانە کە لەنزیک کۆبانێ روویدا، کەس زیانی پێ نەگه‌یشت و، پاش رووداوەکە هەموو هێزەکانی ئەمریکا خرانە ئامادەباشییەوە.

لە لایەکی دیکەوە هەسەدە رایگەیاند، ئەمرۆ هێزەکانى ئەمریکا گەڕاونەتەوە شوێنەکەى پێشوویان لە کۆبانى کە لێی کشابوونەوە.

ناوەندى راگەیاندنى هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، کە ئەمرۆ هێزەکانى ئەمریکا گەڕاونەتەوە شوێنى پێشوویان لە کۆبانى و ئەرکەکانیان بەردەوام دەبێت.

هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە، کە هێزەکانى ئەمریکا لە عەین عیسا ماون و نەکشاونەتەوە.

شەوى رابردوو هێزەکانى ئەمریکا لە کۆبانى کشابوونەوە بەهۆى بۆردومانەکەى تورکیا، بەڵام ئەمرۆ گەڕاونەتەوە ناوچەکانى خۆیان.