تشرینی یه‌که‌م 17, 2019 12:58 Asia/Tehran
  • ڕاوێژکاری ئەسەد: سووریا تەگبیری پێویستی بۆ بەرپەرچدانەوەی دەست درێژکارییەکانی تورکیا کردووە

ڕاوێژکاری سیاسی و میدیایی سەرۆک کۆماری سووریا وێڕای پێشوازی کردن لە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکی پێی داگرت:سووریا تەگبیری پێویستی بۆ بەرپەرچدانەوەی دەست درێژکارییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئەلعالەم، بەسینە شەعبان ڕاوێژکاری سیاسی و میدیایی بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری سووریا ڕۆژی چوارشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی ھەواڵدەریی ڕووسیا ئەلیەوم ڕایگەیاند: تاقمە کوردەکان داوایان لە دەوڵەتی سووریا کردووە ھەتا بەرپەرچی دەست درێژکارییەکانی تورکیا بداتەوە.

بەسینە شەعبان ڕاشیگەیاند: دەوڵەتی سووریا لە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکی لەم وڵاتە پێشوازی دەکات، بەڵام ناشیەوێت کە تورکیا جێگای ئەمریکا بگرێتەوە.

ڕاوێژکاری سیاسی و میدیایی سەرۆک کۆماری سووریا وتیشی : زۆربەی ئەوانەی وا ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری تورکیا پەلکێشیان دەکات، سەربە تاقمە تیرۆریستییەکانی داعش و بەرەی نوسرەن.

ناوبراو پێشی داگرت: ڕووسیا خوازیاری بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی ئاسایشتییە لە نێوان سووریاو تورکیا لە شاری سوچیی ڕووسیا.

بە دەست پێ بوونی شاڵاوەکانی سوپای تورکیا لە ڕۆژی نۆھەمی ئۆکتۆبەر بۆ سەر باکووری سووریا، ھێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ چەند ڕۆژی دواتر لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی دیمەشق بەمەبەستی جێگیر بوونی ھێزەکانی سوپای ئەم وڵاتە لە سنوورەکانی سووریا لەگەڵ تورکیا ڕێککەوتن.

دوابەدوای ئەم ڕێککەوتنە سوپای سووریا شەوی دووشەممە گەییشتە منبەج لە باکووری سووریا ھەتا کۆنترۆڵێکی زیاتری بەسەر ناوچە سەر سنوورییەکاندا ھەبێت.

 

سەرپەیڤ