تشرینی یه‌که‌م 17, 2019 15:56 Asia/Tehran
  • کامپی عەین عیسا سوتا و ئەندامەکانی داعش هەڵاتن

ژمارەیەک لە تیرۆریستانی سەر بە تورکیا دزەیان کردە نێو کامپی عەین عیساو دوای سوتاندنی کامپەکە سەرجەم ئەندامانی داعش و خێزانەکانیان لەنێو کامپەکەش هەڵاتن.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی سبەی و لە زاری ئاژانسی هاوارنیوزەوە، ڕۆژی چوارشەممە ژمارەیەک چەکداری گروپە توندڕەوەکانی سەر بە تورکیا لەبەرەی باکورەوە دزەیان کردوەتە ناو کامپەکە و دوای روبەڕوبونەوە لەگەڵ پاسەوانانی کامپەکە، سەرجەم ئەندامانی داعش و خێزانەکانیان کە لەناو کامپەکەدا بون هەڵاتون.
بەپێی سەرچاوەکە؛ دوای هەڵاتنی سەرجەم ئەو کەسانەی لەناو کامپەکەدا بوونە ئاگریان تێبەرداوە.
ئەوە لەکاتێکدایە پێشتریش ئەندامانی داعش و خێزان و کەسوکارەکانیان ئاگریان لە کامپی عەین عیسا بەردا و بشێویی و ئاژاوەیان دروستکرد.
پێشتریش بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگی و تۆپخانەکانی تورکیاوە ئاژاوە و بشێویی لە کامپەکە دروست ببوو، بەهۆیەوە (750) خێزانی چەکدارانی داعش لە کامپەکە هەڵاتن.
دوای روداوەکە پاسەوانانی کامپەکە و شەڕڤانان توانیان ژمارەیەکیان لێ دەستگیر بکەنەوە، بەڵام ژمارەیەکیان خۆیان گەیاندە ناوچەکانی ژێردەستی گروپە تیرۆریستییەکانی ھاوپەیمانی بە تورکیا.
لەدواى هێرشەکانى سوپاى تورکیا و چەکدارانى سەر بەو وڵاتە، دوبارە چەکدارانى داعش دەستیان بە جموجۆڵ و روبەڕوبونەوەى شەڕڤانان و هاوڵاتیانى مەدەنى کردووە.

سەرپەیڤ