رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی: تورکیا تاوانی جەنگی لە سوریا ئەنجامداوە
ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ، هێزەکانی تورکیا وگرووپە تیرۆریستییەکانی هاوپەیمانی تورکیا تاوانبار دەکات بەوەی لەکاتی دەستدرێژییەکانیان بۆسەر شەڕڤانانی کورد لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا تاوانی جەنگیان کردووە .
ڕێکخراوەکە لە راپۆرتێکدا دەڵێت " هێزەکانی تورکیا و گرووپە هاوپەیمانەکانی ئەنقەرە بەشێوەیەکی شەرمەزراکەرانە و لەڕێگای ئەنجامدانی تاوانی جەنگەوە گیانی هاوڵاتیانی مەدەنیان پشتگویخستووە ، لەوانە کوشتن و بەئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی لە هێرشەکاندا".
هەرچەندە تورکیا دەڵێت ئەوان هەموو رێوشوێنێک دەگرنەبەر بۆئەوەی زیان بەر خەڵکی مەدەنی و لاشەڕ نەکەوێت ، بەڵام روانگەی سوریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت ٧٢ کەسی مەدەنی بەهۆی تەقە و بۆردوومانی هێزەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئەنقەرە گیانیان لەدەستداوە .
ڕێکخراوەکە دەڵێت ئەو بەڵگانەی کۆیکردوونەتەوە ئەوە پشتراست دەکەنەوە کە هێزەکانی تورکیا بەشێوەیەکی هەرەمەکی ناوچەکانی نیشتەجێبوونی دانیشتووانیان بۆردوومان کردووە وەک ماڵ و نانەواخانە و خوێندنگەکان ، جگە لە پرۆسەی کوشتنی سەرپێیی و بەشێوەیەکی خوێنساردانە وەک کوشتنی سیاسی هەرڤین خەلەف لەسەر دەستی گرووپی ئەحرار شەرقییە.
کومی نایدۆ سکرتێری گشتی ڕیکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی گوتوویەتی " تورکیا بەرپرسە لەو کردەوانەی گرووپە چەکدارە سوررییەکانی هاوپەیمانی ئەنقەرە دەیکەن "، هەروەک گوتوویەتی " تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨دەستی ئەو گرووپانەی ئاوەڵا کرد بۆ کردنی تاوان و پیشێلکاری لە هەرێمی عەفرین ".