تشرینی یه‌که‌م 19, 2019 16:56 Asia/Tehran
  • کوردانی سووریا بۆ پاراستنی ئاگربەستە دیاریکراوەکە داوای چاودێری نێودەوڵەتی دەکەن

هێزەکانی سوریای دیموکرات داوا دەکەن لەپێناو پاراستنی ئەو ئاگربەستەی راگەیەنراوە چاودێری نێودەوڵەتی رەوانەی ناوچەکە بکرێت .

ئەو هێزانە تورکیا تۆمەتبار دەکەن بەوەی ڕێکەوتنی ئاگربەستی پێشێلکردووەو سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی تورکیا بەردەوامن لە بۆردومانکردنی هەڕەمەکیانەی خەڵکانی مەدەنی لەناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی شەڕڤانان.

لەبەیاننامەیەکدا ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لەپێشیشیانەوە ئەمەریکا دەکەن، کە سەرپەرشتیاری رێکەوتنی ئاگربەستە لە باکووری سوریا، بەرپرسیاری خۆی بەرانبەر بە پێشێلکارییەکانی تورکیا هەڵبگرێت، هەروەها داوا دەکەن چاودێرانی نێودەوڵەتی بنێردرێنە ناوچەکە لەپێناو پاراستنی ئاگربەستی نێوان کورد و تورکیا .

لەلایەکی ترەوە، چەند رۆژنامەیەکی بەریتانی وەک تایمز و گاردیان ئاشکرایان کردووە، کە لێکۆڵەرە نێودەوڵەتییەکان تورکیایان تۆمەتبار کردووە بەوەی تێوەگلاوە لە هێرشکردنە سەر خەڵکی مەدەنی کورد لەرێگای چەکی قەدەغەکراوی وەک فسفۆری سپی بۆ ئەوەش چەندین بەڵگەیان خستووەتەڕوو.