تشرینی یه‌که‌م 22, 2019 16:19 Asia/Tehran
  • هەسەدە کوشتنی ژمارەیەک چەکداری سەر بە تورکیا رادەگەیەنێت

هەسەدە رایگەیاند کە لە 24 کاتژمێری رابردوودا هێزەکانی تورکیا بەردەوام بوون لە پێشێلکردنی ئاگربەست و لە رێی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە بۆردومانی هێزەکانیانی کردووە، لەگەڵ چەند هێرشێکی زەمینی.

بە پێی بەیاننامەکە، لە "سەری کانی" سوپای تورکیا لە گوندەکانی "ئەبوراسین، مۆرکیش، مشرافا، مەناجیر"، هەوڵیداوە لەگەڵ چەکدارە لایەنگرەکانی پێشڕەوی بکات، لە بەرامبەردا وەڵامیان دراوەتەوە و تێکشکێنراون و ژمارەیەکیش کوژراوە و برینداریان لە ریزەکانیان خستۆتەوە.

لە عامودایش ئەو هێزانە هەوڵی پێشڕەویانداوە و بە پێی بەیاننامەکە زیاتر لە 15 چەکداریان لێ کوشتوون لەگەڵ تێکشکاندنی تانکێکی سەربازی.

لە ڕێی "تەل مەتر" سوپای تورکیا بە فڕۆکە هێرشی کردۆتە سەر چەند بنکەیەکی بەهۆیەوە دەڵێت "سێ بریندار لە ڕیزی شەڕەڤانان هەیە لەگەڵ کوژرانی شەڕەڤانێکی دیکە".

لە ناوچەی "درباسە"بە هەمان شێوە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ژماەرەیەک خەڵکی  مەدەنی کردۆتە ئامانج لەگەڵ چەند بنەکەیەکی هەسەدە لە ئەنجامدا زیانی ماڵی بەر خەڵک  گەیشتووە لەگەڵ  کوژرانی  شەڕەڤانێک.

سەبارەت بە بەرەی "عەین عیسا" دەڵێت: دەڵێت تورکیا و هێزە هاوپەیمانەکانی هێرشیان بۆ سەر هەردوو گوندی مەشیرفە و بەربەریە ئەنجامداوە، لە بەرامبەردا وەڵامیان دراوەتەوە و ژمارەیەک چەکداریان لێ کوشتوون، هێزی ئاسمانی تورکیایش ڵای خۆیەوە بۆردومانی کردووە و دوو شەڕەڤانیان كوژراون.

لە کۆی پڕۆسەکەیشدا دەڵێت هێزەکانمان رێگریان کردووە لە هەر پێشڕەوییەکی سوپای تورکیا و کوشتنی 15 چەکداری ئەو هێزانە، لەگەڵ تێکشکاندنی دوو ئۆتۆمبێلی سەربازی، لە بەرامبەردا دەڵێت "حەوت شەڕەڤان كوژراون لەگەڵ بریندار بوونی 10 کەسی دیکە".