تشرینی یه‌که‌م 22, 2019 17:39 Asia/Tehran
  • وتەبێژی هەسەدە: واپێش بینی دەکرێ کە ترکیا ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەی بەردەوام بکا

"کینۆ گابریێل" وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە لێدوانێکدا بەئاماژە بە کۆتایی مۆڵەتی ئاگربڕی پێنج ڕۆژە، ڕایگەیاند: واپێش بینی دەکرێ ترکیا درێژە بدات بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەی.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس؛ "کینۆ گابریێل" وتەبێژی هەسەدە لە لێدوانێکدا بەئاماژە بە پەیوەست بوون یان پەیوەست نەبوونی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بە سوپای سوریا کە ئەم رۆژانە بووە بە یەک لە بابەتە سەرەکییەکانی هاوپێوەند بە قەیرانی سوریا، وتی: "هێشتا خاڵێکی ئاشکرا لەوبارەوە لەئارادانییە. لەو دانوستانانەی ئەنجام دەگرێ، دەردەکەوێ. ئێستا تەنیا بۆ پاراستنی سنورەکان ڕێککەوتن کراوە. پاش ئەوەی هەڕەشەکانی تورکیا کۆتایی پێهات، لەوبارەشەوە قسەدەکەین".

بەپێی نووسینی هەواڵدەریی KRDnews، وتەبێژی هەسەدە لەدرێژەی قسەکانیدا بەئاماژە بە کۆتایی هاتنی ئاگربڕی کاتیی تورکیا لە کاژێر٢٢:٠٠ی ئەمڕۆ ٢٢ی ئۆکتۆبری٢٠١٩ی زایینی وتی: "ئێمە پێبەندی ئاگربڕین بەڵام ئەوەی کە لە دواڕۆژدا چ ڕوودەدا هیچ نازانین. درێژەی ئاگربڕ یان درێژنەبوونەوەی، گرێدراوی هەڵس و کەوتی ترکیایە. واپێش بینی دەکرێ کە ترکیا درێژە بدات بە ئۆپراسیۆنە سەربازیەکانی. لە لێدوان و قسەی بەرپرسانی ترکیا، هێماو نیشانەی درێژەدان بە هێرشەکان بەرچاو دەکەوێ".

گابریێل لەدرێژەی قسەکانیدا وتی: "درێژە دەدەین بە پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریکا. ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەپەیوەندیداین. هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، بەشێوەی هاوبەش لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش خەباتی کرد. بۆ ئەوەی پاشماوەکانی داعش بەتەواوەتی لەبەین ببەین هەوڵی زۆر پێویستە کە دەبێ لەباکوری رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامی بدەین. ئەو ڕێککەوتنەی کە ئەمریکاو ترکیا ئەنجامیان داوە، تەنیا بە سەرێکانی-گرێ سپی لە قووڵایی ٣٢ کیلۆمتری بەرتەسک دەبێتەوە".