تشرینی دووه‌م 13, 2019 18:15 Asia/Tehran
  • مەزڵووم کۆبانێ فەرماندەری هەسەدە نهێنییەکی مەترسیدار دەدرکێنێ

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) رایدەگەیەنێت، رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا خۆی رێک دەخاتەوە.

مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە بە (سکای نیوز)ی راگەیاندووە، سەرهەڵدانەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە باکووری سووریا مەترسییەکی گەورە و جددییە.

مەزڵوم کۆبانی پێی وایە هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردستانی سووریا  هیوای بەهێزبوونەوەی بە چەکدارانی داعش بەخشیوە، چونکە داعش لەو ناوچانەی سوپای تورکیا دەستی بەسەردا گرتوون، بنکە دەکاتەوە.

سکای نیوز ئاماژەی بەوە کردووە، کە فەرماندەی گشتیی هەسەدە بەڵگەی تەواوی خستووەتە روو، کە دەیسەلمێنن تورکیا هانی خۆڕێژخستنەوەی چەکدارانی داعش دەدات.

هەرچەندە تورکیا ئەو تۆمەتە رەت دەکاتەوە، بەڵام چەکدارانی گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، کە پێشڕەویی سوپای تورکیایان دەکرد لەکاتی هێرشکردنە سەر باکووری سووریا ، لە چەند گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دروشمەکانی داعش دەڵێنەوە.