تشرینی دووه‌م 15, 2019 16:53 Asia/Tehran
  • وڵامی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری کوردانی سووریا بە رووسیا

بەڕێوەبەرایەتى خۆسەر لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا وەڵامى رووسیا دەداتەوەو رایدەگەیەنێت، دانوستان هێشتا پرەنسیپی سەرەکییە لەلای ئەوان و هەربۆیەش بەکردەوە نەخشەی چارەسەریان رادەستی ئەو وڵاتە کردووە.

وەک وەڵامێک بۆ لێدوانی سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری بەرگری رووسیا کە رایگەیاندبوو ئیدارەی خۆسەر  لەدوای گەڕانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ سوریا لە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق پاشەکشەیان کردووە ئیدارەى خۆسەر بەیاننامەیەکى بڵاوکردەوە.

لەبەیاننامەیەکدا ئیدارەی خۆسەر جەختی کردەوە کە دانوستان هێشتا پرەنسیپی سەرەکییە لەلایان و بۆئەوەش بەکردەوە نەخشەی چارەسەریان رادەستی رووسیا کردووە کە تێیدا جەختیان لەوە کردۆتەوە پێویستە گفتوگۆ لەناو چوارچێوەی نیشتیمانیی سوریادابێت .

لەبەیاننامەکەی ئیدارەی خۆسەردا هاتووە کە هێشتا هیچ شتێکی کرداری لەئارادا نەبووە تاوەکو باس لە ئاستەنگ درووستکردن بکرێت، ئەوەی ئێستا هەیە تەنیا پەیوەستە بە لایەنی سەربازییەوە و ئیدارەی خۆسەریش پێیوایە سەرکەوتنی هەر پرۆسەیەکی گفتوگۆ پەیوەستە "یەکەم بە جیددیەتی هەڵویستەکانەوە کە هێشتا لای دیمەشق بوونی نییە "دووەمیش پەیوەستە بە رۆڵ و هەوڵی هێزە کاریگەرەکانی سوریا لەپێشی پێشەوە رووسیا .

لەبەشێکی تری بەیاننامەکەی ئیدارەی خۆسەردا هاتووە کە هەڵوێستی ئەوان بەو رووداوانە ناگۆڕێت کە لەسەر زەوی روودەدەن، مانەوە و رۆیشتنی ئەمەریکا پەیوەستە بە حساباتە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆیە ئەوە کار ناکاتە سەر هەڵویستە پرەنسیپییەکانی ئەوان .

ئیدارەی خۆسەر داواشی لە هێزە کاریگەرەکانی سەر گۆرەپانی سوریا کردووە پشتیوانی چارەسەری سیاسی و سازانی هێزە سورییەکان بکەن بۆئەوەی ڕێگا لەبەردەم ئەوانەدا ببڕن کە دەخوازن رەوشی سوریا بەرەو ناکۆکی و ئاژاوەی ناوخۆیی ببەن و پرۆژەکانی دابەشکردنی سوریا پەرەپێبدەن.