کانونی دوھەم 26, 2020 16:49 Asia/Tehran
  • مەزڵووم کۆبانێ : تورکیا پلانی خۆی لە هێرش و داگیرکاریەوە گۆڕیوە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا

فەرماندەری گشتی "هەسەدە "رایگەیاند : لایەنەکانی باکورو روژهەڵاتی سووریا لێک نزیک بوونەوە هەربۆیە بڕیارە لەماوەیەکی نزیکدا کۆنگرەی یەکێتی باکوری سوریا ببەستین.

مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ (ئەلمۆنیتەر) دواین پەرەسەندنەکانی دۆخی باکووری سووریا و هێرشەکانی تورکیا و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا و رووسیا و ئەمەریکای خستەڕو، جەختی کردوەتەوە کە هەوڵەکانیان لەسەر هەموو ئاستەکانی سیاسی، سەربازی، دیپلۆماسی بەردەوامە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە باکوری سوریا بەگشتی.

لەبارەی هێرشەکانی تورکیاوە رایگەیاند: تورکیا پلانی خۆی لە هێرش و داگیرکارییەوە گۆڕیوە، بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای باکوری سوریا، خێزانی چەکدارە توندڕەوەکان لەو ناوچانە نیشتەجێ دەکات کە داگیری کردون، هەر کۆچبەرێکی ئەو ناوچەیەک بیەوێت بگەڕێتەوە زێدی خۆی روبەڕوی ئەشکەنجەدان و کوشتن دەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەکردوە؛ پێشتر پاساوی تورکیا ئەوەبوە کە شەڕڤانانی هەسەدە لەسەر سنورەکانی بە مەترسی زانیوە، بەڵام ئێستا هێزەکانی سوریا و رووسیا لە خاڵەکانی سەر سنور جێگیر بون، بەڵام تورکیا بەبەردەوامی هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و ئامانجی ئەو داگیرکردنی تەواوی ناوچه کان تا سەر سنورەکانی عێراق، وەک ئەو نەخشەیەی ئەردۆغان لە کۆنگرەی نەتەوەیەکگرتوەکان خستیەڕو.

لەبارەی کۆبونەوەی نێوان بەرپرسی دەزگای میت و بەرپرسی هەواڵگریی سوریا، مەزڵوم کۆبانێ رایگەیاند: ئەوان بەنێوەندگیری روسیا کۆبونەتەوە، روسیا بەدوای بەرژەوەندیی خۆیەوەیەتی لە ناوچەکە و بۆ ئەوەش دەیەوێت پەیوەندی نێوان سوریا و تورکیا ئاسایی بکاتەوە، بەڵام ناتوانێت ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکە دژی ئێمە بەکاربهێنێت، هەرگیز سوریا ناگەڕێتەوە پێش ساڵی (2011)، پێموانییە هەوڵەکانی روسیاش بۆ ئاشتکردنەوەی تورکیا و سوریا سەرکەوتوبێت.

لەبارەی پەیوەندی داعش و تورکیاوە، فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاند: تورکیا کارئاسانیی زۆر بۆ داعش دەکات، رێککەوتنێکی نهێنی و نەنوسراو هەیە لەنێوانیاندا، پێشتر سەرجەم چەکدارە بیانییەکانی داعش لە رێگەی تورکیاوە گەیشتونەتە سوریا، ئەوانەشی ئێستا لە سوریا هەڵدێن هەر دەچنە تورکیا.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و روژهەلاتی سوریایش ئامادەیی خۆی نیشاندەدات بۆ دانوستان لەگەڵ حکوومه تی سوریا، بۆ چارەسەرکردن و کۆتایی هێنان بە قەیرانی دە ساڵەی ئەو وڵاتە.

عەبد حامد مەهباش، هاسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئامانجی سەرەکیی دامەزراندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری پێکەوەژیان و برایەتی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریایە.

ئاماژەی بەوەکرد؛ قەیرانی سوریا دەچێتە ساڵی دەیەمەوە، دەرەنجامەکەی رژانی خوێنی هەزاران کەس و هەرەسهێنانی ژێرخانی ئابوری و دامەزاروەکان بو، بەڵام ئێمە لەیەکەم رۆژەوە داوای چارەسەری ئاشتیانە و دانووستانی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانمان کردوە، نەک رێگەچارەی سەربازیی.