نیسان 01, 2020 08:21 Asia/Tehran
  • ھێرشی تۆپخانەی تورکیا بۆ سەر پارێزگای حەڵەب

سوپای تورکیا شەوی چوارشەممە گوندەکانی گردوپەڕی شاری منبەج لە پارێزگای حەڵەبی باکووری سووریای دایەبەر ھێرشی تۆپخانە.

کەناڵی تەلەفزیۆنیی ئەخباریەی سووریا ڕایگەیاند: سوپای توورکیا دەیان گولەھاوەن و تۆپی بەرەو گردوپەڕی گوندەکانی « عەرەب حەسەن» و «جەبەلە» لە نزیکی شاری منبەج ھاویشتووە.

بە پێی ڕاگەیاندنی کەناڵی تەلەفزیۆنیی ئەخباریەی سووریا، لەم ھێرشانەدا منداڵێکی سووریا کوژراوە.

ھەڵمەتی سەربازیی سوپای سووریاو ھاوپەیمانەکانی لە پارێزگای ئیدلەب کە دوایین بنکەی تاقمە تیرۆریستییەکان لە سووریا دێتە ئەژمار، کادانەوەی نەرێنیی تورکیاو ھاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی و ھەروەھا ھەڕەشەوگوڕەشەی بەردەوامی ئەم وڵاتانەی لێ کەوتووەتەوە.

تورکیا لەو لایەنگرە سەرەکیانەی تاقمە تیرۆریستییەکانە لە سووریادا. سوپای تورکیا لە ماوەی مانگەکانی ئەم دواییە گەلێک جار مۆڵگەی سوپاو ژێرخانەکانی سووریای لە باکووری ئەم وڵاتە کردووەتە ئامانج.

لە ئێستادا ناوچەگەلێکی باکووری سووریا لەژێر ڕکێفی سوپای تورکیادایە. لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا سوپای تورکیا زۆرجار دەست درێژیی کردووەتە سەر خاکی سووریا.