پەیەدە لەسەر رووداوەکانی عفرین و سەرێکانی و گرێ سپی داوای لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی دەکات
پارتی یەکیەتی دیموکراتیکی سوریا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک وێڕای ئاماژە کردن بە دوایین گۆڕانکاریەکان لە عفرین رایگەیاند : لە بارەی رووداوەکانی عفرین ، گرێ سپی و سەرێکانی دەبێ لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتیی ئەنجام بدرێ .
بە پێی راپۆرتی کوردپرێس ، پەیەدە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک وێڕای ئاماژە بە دوایین گۆڕانکاریەکان لە عفرین رایگەیاند : حکومەتی تورکیا لە پەلاماری سەر عفرین و سەرێکانی و گرێ سپی ، میلیشیاکان دەکار دێنێ و لەم پەلامارانەدا ھەموو پڕەنسیپە مرۆیی و ئەخلاقیەکانیان لە ژێر پێ ناوە . شەڕیش یاسا و ڕێسای خۆی ھەیە بەڵام حکومەتی ترکیا پێبەندی ھیچ یاسایەکی شەڕ نامێنێ .
لە درێژەی بەیاننامەکەدا بە ئاماژە بە رفێنرانی 8 ئافرەتی کورد لە عفرین لە لایەن گروپ و لایەنەکانی سەر بە ئەرتەشی ترکیا ھاتووە : شەممە میلیشیاکانی فیرقەی ھەمزە ھەشت ئافرەتی عفرینی یان بۆ وەرگرتنی پارە لە بنەماڵەکانیان رفاندووە . ئەو کارانەی حکومەتی ترکیا و میلیشیاکانی سەر بەوان لە عفرین دەیکەن ھیچ جیاوازیەکی لە گەڵ کارەکانی داعش نیە . لە ھەموو رێکخراوەکان و رای گشتیمان دەوێ لە بارەی تاوانە جەنگیەکانی حکومەتی ترکیا بەرپرسایەتی خۆیان بە جێ بێنن .