هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شانەیەکی نووستووی داعشی ڕاپێچ کرد
هێزەکانی دژەتیرۆری سەربە ئاسایشی ناوخۆیی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ئۆپەراسیۆنێک دا لە گوندەکانی گردوپەڕی «دێرۆزوور» شانەیەکی نووستووی داعشیان ڕاپێچ کرد.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ئاگاداری نامەیەک دا ڕایگەیاند: هێزەتایبەتەکانیان شانەیەکی نووستووی داعشیان لەناوچەی «شەحیل»ی سەربە «دێرۆزوور» ڕاپێچ کردووە کە کاریان ساز کردنی مووشەک و تەقەمەنی بووەو ڕاستەوخۆ دەستیان لە کوشتن و تیرۆری خەڵکی ئەو ناوچانەدا ھەبووە.
یەکێک لە بەرپرسانی ئاسایشی گشتیی «دێرۆزوور» لەمبارەیەوە ڕایگەیاندووە کە، ئەم شانەیە لە کەسانی زۆر پسپۆڕ پێکهاتوون کە هەریەکەیان لە بوارێکدا شارەزا بووە و بۆ ھێرشی تیرۆریستی خۆیان ساز داوەو هەروەها بە یەکێک لە ڕێکخراوترین شانەکانی داعش دەژمێردرێن.
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا هەروەها هێزەکانی دژەتیرۆر بڕێکی زۆر ماددەی تەقەمەنی، ماددەی خام، هاوەن و نارەنجۆک، وایەر، ماددەی TNT بەهێز و بۆمبای دژە زریپۆشیان ڕۆزیوەتەوەو دەستیان گرتووە بەسەریاندا.