تشرینی دووه‌م 12, 2020 14:42 Asia/Tehran
  • فەیسەڵ میقداد: تیرۆریزم بووەتە ھۆی کۆچ کردنی سوورییەکان

یاریدەری وەریری دەرەوەی سووریا تیرۆریزمی وەک ھۆکاری کۆچکردنی سوورییەکانی ناساندووە کە دەست لە کەسانی سڤیلیش ناپارێزێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فەرمیی سووریا «سانا»، «فەیسەڵ میقداد» یاریدەری وەریری دەرەوەی سووریا لە لێدوانێکدا لە کۆبوونەوەی نێونەتەوەیی «گەڕانەوەی ئاوارەکانی سووری» لە دیمەشق وتی: لە ماوەی ٩ ساڵی ڕابردوو کردەوەو دڕندەکارییەکانی تیرۆریستان لە سووریا بووەتە ھۆی کۆچکردنی  زۆرێک لە خەڵک.

«میقداد» بە دەربڕینی ئەمەی کە بایکۆتە سەپێندراوەکانی ھێندێک لە وڵاتانیش ھۆکارێکی دیکەی کۆچکردنی سوورڕییەکان بووە، وتیشی: بڕێک لە لایەنەکان کە ھەڵوێستێکی دوژمنکارانەیان لە ھەمبەر سووریادا ھەیە، خۆیان لە کۆتایی ھێنان بە خەم و ئازاری ئاوارەکانی سووریا دەدزنەوە.

یاریدەری وەریری دەرەوەی سووریا ، ھەڵگیرانی بایکۆتەکانی بە پێویستییەکی حاشا ھەڵنەگری گەڕانەوەی پەناخوازانی سووری زانی و وتیشی: سووریا بە داکۆکیی وڵاتانی دۆست لە ھیچ جۆرە یارمەتیدانێکی ئاوارەکانی سووریا بۆ گەڕانەوە کەمتەرخەمی نانوێنێت.

لە کۆبوونەوەی نێونەتەوەیی «گەڕانەوەی ئاوارەکانی سووری» کە لە دوێنێ چوارشەممەوە لە دیمەشق دەستی پێکراوە، ئەمڕۆ کۆتایی پێ دێت.

سەرپەیڤ