ته‌مووز 27, 2016 20:43 Asia/Tehran
  • وەزیری ناوخۆ: دەستتێوەردانی بیانییەکان، کێشەی سەرەکیی ناوچەیە

وەزیری ناوخۆ لە دانیشتنی پارێزگارانی پارێزگا سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەفغانستان، پێی داگرت: گرفت و کێشەکانی ناوچە بە دەستتێوەردانی هێزەکانی بیانی چارەسەر نابێ چونکە ئەوان قەت بەرژەوەندییەکانی ئێمە لەبەرچاو ناگرن.

عەبدوڕەزا ڕەحمانی فەزڵی وەزیری ناوخۆ لەو دانیشتنەدا بەئاماژە بە دۆخی ئێستای جیهانی ئیسلام و ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، وتی: دەستتێوەردانی هێزە بیانییەکان و خێرومەندانە نەبوونی ئامانج و نییەتەکانیان، بۆ دەوڵەتە ئیسلامییەکان، کێشەی زۆری بەدیهێناوە.

ناوبراو بەئاماژە بەوەی کە بیانییەکان تەنیا بەتەمان لە توانا ناوچەییەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان کەڵک وەربگرن، وتی: دوژمنان بە خستنەڕوو و پێشاندانی سیمایەکی تووڕە لە ئیسلام و برەوپێدانی توندڕەویی و دەمارگرژیی، تاڵان و چەتەیی، لەهەوڵدان سیمای ڕەحمانیی ئەو ئایینە پیرۆزە لێڵ و خەوشدار بکەن.

ڕەحمانی فەزڵی لەدرێژەی قسەکانیدا وتی: لەڕاستیدا دوژمن نەیاری بوارە جیاجیاکانی ئایینی ئیسلامە چونکە ئەو دینە بەگوێرەی ئاوەزی مرۆڤەکان داڕێژراوەو ئەگەرئامۆژگارییەکانی ئیسلامی ڕاستەقینە پێڕەو بکرێ ، هەمووان دڵخوازانەو بەمەیلەوە ڕووی تێدەکەن.

ڕێوڕەسمی کۆتایی هاتن و ئیمزای تەبایی نامەی یەکەم دانیشتنی پارێزگارانی سنووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەفغانستان ڕۆژی سێ شەممە پێنجی گەلاوێژ لەتەنیشت بارەگای ئیمام ڕەزا(ع) لە مەشهەد بەڕێوە چوو.