تشرینی یه‌که‌م 19, 2016 10:50 Asia/Tehran
  • قاسمی: ئێران، گوێ ناداتە قسەی خۆتێوەردەرانەی بەرپرسانی ئەمریکی

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەڕەت کردنەوەی لێدوانی دەستتێوەردەرانەی بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی: حکومەت و گەلی ئێران هیچ بایخ و گرینگیەکی نادەن بە لێدوانی دەستتێوەردەرانەی کاربەدەستانی ئەمریکی.

بەپێی ڕاپۆری ناوەندی دیپلۆماسی میدیایی وەزارەتی دەرەوە، بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: هاوپێوەند کردنی هەرچەشنە پرسی ناوخۆی ئێران و بڕیارە دادەوانییە سەربەخۆکانی دادگەکانی ئێران دژ بە تاوانباران و سیخوڕانی بیانی لەگەڵ کەشی نێودەوڵەتی کار و کاسبی و سەرمایەنانەوە لەئێران، نموونەی هەوڵێکی بێ خۆ ، پڕووپوچ و بێ کەڵکە بۆ کارتێکەریی لەسەر ڕەوتی هاوکارییە جیهانییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هەڕەشەی بێ ئاوەزانەی ئەمریکای بەنموونەیەکی دیکەی ڕەفتاری دەستتێوەردەرانەی حکومەتی ئەو وڵاتە ناوبرد و وتی: بێگومان، هەڕەشەو گوڕەشەی ناڕاستەوخۆو نەگونجاو، نەک هەر سازندەو کاریگەر نییە بەڵکوو خشتێکی دیکەیە لەسەر دیواری بێ متمانەیی گەلی ئێران بەرامبەر بە ئەمریکا.

قاسمی هەروەها پێی داگرت؛ حکومەت و گەلی ئێران هیچ گرینگیەک نادا بە لێدوانی دەستتێوەردەرانەو سیاسەتی زێدەخوازانەی بەرپرسانی ئەمریکی و هەوڵدان بۆ کەلێن خستنەنێو بەرەی یەکگرتووی گەلی ئێران لەهەمبەر سیاسەتی دوژمنکارانەی کاربەدەستانی ئەمریکی، بێ ئاکام دەمێنێتەوە.

دادئەستێنی تاران رۆژی سێ شەممە رایگەیاند، تاوانباران ؛ "محمەد باقری نەمازی"، "سیامەک نەمازی"، "فەرهاد عەبدساڵح"، "کامران قادری"،"نزار زەکا"و "عەلیڕەزا ئومێدوار" بەتاوانی سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا، دە ساڵ زیندانیان بۆ بڕایەوە.

پاش بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانی دەربڕی لەمەڕ دەرکرانی بڕیاری دە ساڵ زیندان بۆ سیامەک نەمازی و محەممەد باقری نەمازی کە ناسنامەی ئەمریکیشیان هەیە.