کانونی یه‌که‌م 08, 2016 20:23 Asia/Tehran
  • وشداری دانی بروجێردی لەمەڕ سیاسەتی دووبەرەکی نانەوەی بریتانیا لە ناوچەکە

بروجێردی: ئەگەر بریتانیا بەنیازی بەردەوام کردنی وەها سیاسەتێک بێت، مەجلیسی شورای ئیسلامی جارێکی تر هەوڵی دابەزاندنی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات دەدات.

عەلائەددین بروجێردی لە بارەی شوێنهاتەکانی بەردەوام کرانی سیاسەتی دووبەرەکی نانەوەی بریتانیا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین وشداری دا.

عەلائەددین بروجێردی سەرۆکی لێژنەی ئاسایشتی نیشتیمانی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە وتەکانی دژی ئێرانیی (تێرێزا می) سەرۆک وەزیرانی بریتانیا لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداوی فارس، بە هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران وتی : وەها قسەگەلێکی ئاژاوەگێڕانەو دووبەرەکی سازکەر قەت لەگەڵ ڕاستییەکانی ئێران دا یەک ناگرێتەوە.

(تێرێزا می) سەرۆک وەزیرانی بریتانیا لە ئاهەنگی کۆتایی کۆبوونەوەکەی سەرکردەکانی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداوی فارس کە سی و هەشتەمین خولی لە مەنامەی پێتەختی بەحرەین دا بەڕێوە چوو، ئێرانی وەک هەڕەشەیەکی ئاشکرا بۆ ناوچەی کەنداوی فارس ناساند و وتی: لەندەن دوابەدوی هاریکاریی ستراتژیانەی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداوی فارس دا ئامادەی بەرنگار بوونەوە لەگەڵ ئێران دایە.

عەلائەددین بروجێردی وێڕای پێداگری لە سەر ئەمەی کە وتەکانی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا لەگەڵ ڕادەی پەیوەندییەکانی دوو وڵات لە ئاستی باڵوێزدا یەک ناگرێتەوە بە ڕاشکاوی وتی:ئەگەر بریتانیا بەنیازی بەردەوام کردنی وەها سیاسەتێک بێت لە هەمبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دا،ئەوسا مەجلیسی شورای ئیسلامیش جارێکی تر هەوڵی دابەزاندنی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات دەدات.