کانونی دوھەم 19, 2017 20:05 Asia/Tehran
  • پشتگریی یەکێتیی ئەورووپا لە هەنگاوی هاوبەش

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند: ئەم یەکێتییە لە دەستهاتەکانی هەنگاوی هاوبەش پشتگریی دەکات و دەیپارێزێت.

بەپێی ڕاپۆرتی پرێێس تی ڤی، فیدریکا موگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕۆژی پێنج شەممە ڕایگەیاند: ئەم یەکێتییە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی مێژوویی ئێران لەگەڵ وڵاتانی پێنج کۆ یەک دەپارێزێت.

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا وتیشی: ساڵێک دوای ڕاپەڕاندنی هەنگاوی هاوبەش ئەم ڕێککەوتنە بۆ تەواوی جیهان لەوانە ئەمریکییەکان و ئەورووپییەکان دەرەنجامی باش و ئەرێنیی هەبووەو یەکێتیی ئەورووپا سوورە لە سەر پاراستن و ڕاپەڕاندنی ئەم ڕێککەوتنە.

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بە دەربڕینی ئەمەی کە ڕێککەوتنەکە نە یەک لایەنەیەو نە دووقۆڵی و ناکرێ تەنیا لایەکی دانووستانەکە لە بارەیەوە بڕیار بدات، پێی داگرت: ئەمە ڕێککەوتنێکی چەند لایەنەو چەند قۆڵییە.

سباستیانۆ کاردی نوێنەری ئیتالیا لە ڕێکخراوەی نەتەوەکانیش ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان وتی: ڕاپەڕاندنی هەنگاوی هاوبەش یارمەتییەکی زۆری بەرز بوونەوەی ئاستی ئاسایشتی جیهانی داوە.

سەرباری تەواوی ئەمانە دۆناڵڕ ترەمپی سەرۆک کۆماری هەڵبژاردەی ئەمریکا لە بانگەوازی هەڵبژاردنەکانی خۆی دا هەڕەشەی کرد بوو کە ئەگەر بێتو لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوێ بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش دەدڕێنێ و هەوڵ دەدات هەتاکو جارێکی تر دانوستانی لە سەر بکات.

حەسەنی ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامیش لەم حەوتەیەدا جەختی کرد کە، دانوستان لە بارەی هەنگاوی هاوبەشەوە تۆکمەیەو لە ئەنجومەنی ئاسایشتیش دا پەسەند کراوەو بووە بە بەڵگەیەکی نێونەتەوەیی و ڕێککەوتنێکی دوو قۆڵی نییە هەتا کەسێک بە تەنیایی بیهەوێ گێرەشێوێنیی تیادا بکات.