شوبات 24, 2017 08:44 Asia/Tehran
  • ئێراقچی: جیهان پشتی بەرجام دەگرێ و بەرامبەر بە ئەمریکا ڕادەوستێ

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەشی کاروباری مافەوانی و نێودەوڵەتی، شەوی هەینی لە مەشهەدی (باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران) وتی : تا پێش بەرجام جیهان دژ بە ئێران و هاوڕێی ئەمریکا بوو بەڵام پاش ئەم ڕێککەوتنە نێودەوڵەتیە هەموو وڵاتانی جیهان ئێستاکە هاوڕێی بەرجامن و دژ بە ئەمریکا ڕادەوستن .

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "سەید عەباس عەراقچی" وتیشی: پلە و پێگەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕەهەندی سیاسەتی دەرەوییدا ، پاش بەرجام گۆڕانکارییەکی پۆزتیڤی یەکجار بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە تا ڕادەیەک کە "دۆناڵد ترمەپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەرجام بە نالەبارترین و جێی شەرمەزارترین گرێبەست بۆ واشینگتۆن ناو دەبات.
عەراقچی بە ئاماژە بەوەی کە تا پێش بەرجام، بەرنامەی ئاشتیانەی ئەتۆمیی ئێران لە بواری نێودەوڵەتیدا بەرنامەیەکی قەدەغە کراو بوو، وتیشی: دەور و کاریگەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش ئەم گرێبەستە ئەوەندە گۆڕانی بە خۆیەوە بینیوە کە ئەنجومەنی ئاسایش ئێستاکە ئێران بە وڵاتێک ناو دەبات کە گەرەنتیی ئاسایش و هێوریی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەشی کاروباری مافەوانی و نێودەوڵەتی، هەروەها بە پێداگری لە سەر بوونی ڕێبەرێکی زیرەک و پاوەجێی سیاسی لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا وتیشی: بە هۆی دەسەڵاتی بەرزی کۆماری ئیسلامی و خۆراگریی گەلی ئێرانەوە بەرجام مۆر کرا و وڵاتانی زلهێزی جیهان کێشرانە پشتی مێزی دانوستانەوە.
سەید عەباس عەراقچی ڕاشکاوانە ڕایگەیاند؛ سەرچاوەی راستینەی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا خەڵکن و تا ئەو کاتەی ئەم سەرچاوەی دەسەڵاتە لە مەیداندایە، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر بەهێزە و خاوەن دەسەڵات.