ئادار 23, 2017 08:54 Asia/Tehran
  • رۆحانی: بەهیدایەت و ڕێنوێنی ڕێبەری باڵای شۆڕش و داکۆکی گەل، پیلانی گەمارۆی ئێران، پووچەڵ بۆوە

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوێشەو(چوارشەممە) لە دیداری ژمارێک لە لاوان و بلیمەتانی فەرهەنگی، سیاسی، ئابووری، زانستی و کۆمەڵایەتی پارێزگای خوراسانی باشوور(ڕۆژهەڵاتی ئێران)، وتی: بە هۆی هیدایەت کردنەکانی ڕێبەری باڵای شۆڕش و داکۆکییەکانی جەماوەری ئێران، پیلانی بایکۆت و گەمارۆی ئێران، پووچەڵ بۆوە.

بەپێی ڕاپۆری ماڵپەڕی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆماریی، حەسەن ڕۆحانی بەئاماژە بەوەی کە لەڕابردوودا ئێران بەدرۆ لەئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەک جێی مەترسی بۆ ئاسایش و ئاشتی جیهانی دەناسێندراو ئەوان بەپێی ئەو درۆیە، بڕیارنامە و بایکۆتی فراوانیان بەسەر گەلی ئێراندا سەپاند، وتی: ئەمڕۆ هەمان ئەنجومەنی ئاسایش جەخت لەوە دەکات کە ئێران، وڵاتێکە کە دەبێ لەگەڵیدا لەگشت بوارەکان تەنانەت لەبواری تەکنۆلۆژیای ناڤۆکی هاوکاری بکرێ.

رۆحانی هەروەها بەئاماژە بە ناونرانی ساڵی١٣٩٦ی کۆچی هەتاوی لەلایەن ڕێبەری باڵای شۆڕشەوە بەناوی"ئابووری خۆڕاگرانە، بەرهەم هێنان و ئیش و کار"، وتی: ئەگەر دەخوازین بۆ ئێران مەزنایەتی بەدی بێنین، دەبێ لەئاراستەی گەشەپێدانی ئیش و کار و ئامادەکردنی ژێرخانەکان و ڕاکێشانی سەرمایە، هەوڵ بدرێ.

سەرۆک کۆمار بەئاماژە بەوەی کە خوداوەند، سەرچاوەو تواناو لێهاتوویی شیاوی بە ئێران بەخشیوە، وتی: ساڵی١٣٩٦ ساڵ وەبەرهێنان، ئیش و کار، هاوسۆزی، یەکگرتوویی و هاوبەشی و ئامادەبوونی سیاسی گەرم وگوڕی خەڵک بۆ دیاریکردنی چارەنووسی وڵاتەکەیان دەبێ.

رۆحانی بەئاماژە بەوەی کە لەمساڵی هەتاویدا بۆ یەکەم جار لە پارسی باشووری(باشووری ئێران) لەکەڵک وەرگرتن و دەرهێنانی گاز لە مەیدانە هاوبەشەکان، پێش وڵاتانی دیکە دەکەوین و ئەوەش جۆرێک مەزنایەتییە بۆ گەلی ئێران، وتی: ئەگەر بتوانین لەمافەکانی گەل بەباشی بەرەڤانی بکەین، توانیومانە مەزنایەتی خەڵکی ئێران بەرزبکەینەوە.

حەسەن رۆحانی سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەممە لەسەفەرێکی یەک ڕۆژە بەمەبەستی خستنەگەڕی چەند گەڵاڵەی ئاوەدان کردنەوەو بەرهەم هێنان، گەیشتە پارێزگای خوراسانی باشوور(ڕۆژهەڵاتی ئێران).