ئادار 24, 2017 17:31 Asia/Tehran
  • پێداگریی وتارخوێنی نوێژی هەینیی تاران لە سەر بەشداریی زۆرینەی ئێرانییەکان لە هەڵبژاردنەکاندا

ئیمام جومعەی کاتیی تاران وێڕای پێداگرتن لە سەر بەشداریی زۆرینەی خەڵکی ئێران لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئێران(هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتی و ئەنجومەنی شارو گوندەکان لە 19ی مانگی مای 2017) وتی: بەشداریی زۆرینەی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان بنج و بناوانی شوناسی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران پتەوتر دەکاتەوە.

حوججەتولئیسلامی وەلموسلمین کازم سدیقی لە خوتبەکانی نوێژی هەینیی تاران، وێڕای پیرۆز کردنی ساڵی تازەی هەتاوی(1396) و تیشک خستنە سەر هەڵبژاردنەکانی بەردەم لە ئێران وتیشی: هەڵبژاردن بەردەوام لە نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران بنەمایەکی سەرەکی بووە ، چونکو بنەمای نیزامی کۆماری ئیسلامیی جەماوەرسالاری و ڕەنگدانەوەی خواستی جەماوەرە.

کازم سدیقی هەروەها بەرپا کرانی هەڵبژاردن لە ئێرانی بە نیشانەی بەردەوامیی جەماوەری بوونی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران زانی.

ئیمام جومعەی ماتیی تاران لە درێژەی وتەکانی دا وێڕای ئاماژە کردن بە ناودێرکرانی ساڵی 1396 لە لایەن ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیەوە وەک ساڵی ئابووریی خۆڕاگرانە،بەرهەمهێنان و کارنانەوە بۆ لاوان، پێی داگرت: سەرنجدانی ڕێنوێنییەکانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لەمەڕ ڕاپەڕاندنی ئابووریی خۆڕاگرانە،چارەسەریی گرفتەکانە لەبواری ئابووری و خۆبژیوی دا.

بەڕێزی تیشکی خستە سەر پیلانی دوژمنانی گەلی ئێران لە بوارەکانی ڕۆشنبیری و ئابووری و وتیشی: دوژمنان هەوڵی ئەوە دەدەن کە لە ڕێگای شاڵاوی کلتووری و گوشاری ئابووری و بایکۆتەوە، خەڵک لە نیزامی ئیسلامی دڵسارد کەنەوە، بەڵام جەماوەری شۆڕشگێڕی ئێران بەردەوام پێبەندی بایەخەکانی شۆڕشی ئیسلامین.

خەتیبی نوێژی هەینیی تاران پێی داگرت: جەماوەری ئێران قەت لە هەمبەر گوشاروپاڵەپەستۆدا بە چۆک دا نایەن و ئێرانی ئیسلامی بە وێک خستنی تەواوی کەرتەکان لە سەر ڕەوتی گەشاندنەوەو پێش خستنی وڵات بەردەوام دەبن.