ئادار 24, 2017 19:35 Asia/Tehran
  • ڕەخنەی ئێران سەبارەت بە کەڵکاژۆیی لە داڕشتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوەکان

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: درێژ کرانەوەی ئەرکی ڕاپۆرتدەری تایبەتی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ئەنجامی پەسەند کرانی بڕیارنامەی مافی مرۆڤ لە ژێنێڤ، نیشانەیەکی ئاشکرای بەسیاسی کردن و کەڵکاژۆیی کۆمەڵێک لە وڵاتان لە داڕشتی مافی مرۆڤیی ڕێکخراوەی نەتەوەکانە.

ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕۆژی هەینی بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک ئەرک و فەرمانبەریەتیی عاسیمە جەهانگیر ڕاپۆرتدەری تایبەتی مافی مرۆڤ لە ئێرانی بۆ ماوەی ساڵێکی تر درێژ کردەوە. ئەم بڕیارنامەیە بە 22 دەنگی تەباو 12 دەنگی ناتەبا و پ3ی دەنگی بێ لایەن پەسەند کرا.

بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی هەینی وێڕای ئاماژە کردن بە  درێژ کرانەوەی ئەرک و فەرمانبەریەتیی ڕاپۆرتدەری تایبەتی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بە پاڵپشتی ژمارەیەکی کەمی دەنگی پێشێلکەرانی مافی مرۆڤ لە ناوچەکەو جیهان،وتیشی: پێ و شوێن گرتنی سیاسەتی بەربەرەکانێ و هەڵوێستی تێکدەرانەو هەرەس هاتوو لە ڕێگای گوشارو پاڵەپەستۆی دژی وڵاتانی دیکە، بووەتە هۆی جێلەق بوونی جێ و شوێن و بڕوامەندیی میکانیزمی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوەکان.

قاسمی وتیشی: خەوشاندنی سیمای وڵاتانی سەربەخۆی وەک ئێران و داپۆشینی نمونەکانی پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لەوانە تاوانی دژی مرۆڤانە، دڕندەکاریی جەنگی و قەڵاچۆی هۆڤانانە لە جیهان و ناوچەکە لەو ئامانجانەی دیکەی پەسەند کرانی بڕیارنامەی مافی مرۆڤی دژی ئێران بووە.

ناوبراو وتیشی: پشتیوانی نەکردنی زۆربەی وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوەکان لەم بڕیارنامەیە، دەربڕی نەبوونی شێوازو پاڵپشتێکی پڕۆفشناڵ و گونجاو بۆ بڕیارنامەکەی مافی مرۆڤی دژی ئێرانە.

بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ، پێی داگرت : کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام ئامادەیی خۆی بۆ وتووێژ و هاوکاریی بەکەڵک لە ئاراستەی بووژانەوەی ڕاستەقینەو بەرز بوونەوەی ئاستی مافی مرۆڤ بە گوێرەی داڕشتی ڕەوای نێونەتەوەیی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوەکان و لێک گەیین و ڕێزنانی بەرامبەر ڕاگەیاندووە.