ئادار 25, 2017 14:07 Asia/Tehran
  • کەوتنە گەڕی دامەزراوەی پترۆشیمیی کوردستان

بە ئامادە بوونی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی، دامەزراوەی پترۆشیمیی کوردستان بە بارستایی بەرهەمهێنانی لە ساڵێکدا سێسەدهەزار تەن پۆلی ئیتلینی سوک کەوتە گەڕ.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپرێس، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی، ڕۆژی شەممە لە ڕەوتی سەردانەکەی لە پارێزگای کوردستان، وێڕای خستنەگەڕی گەڵاڵەی پترۆشیمیی کوردستان سەردانی بەشە جۆربەجۆرەکانی ئەم یەکەیەی کرد.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی، لە درێژەی ئەم سەردانەی لە ئەنجامی شیکردنەوەی ئەندازیاران و کارناسان لە بارەی ڕەوتی بەرهەمهێنان ئەم یەکە پترۆشیمییە ئاگادار بووەوە.

دامەزراوەی پترۆشیمیی کوردستان لە زەوییەک دا بە پانتایی 129 دۆنم و بە بارستایی بەرهەمهێنانی سێسەدهەزار تەن پۆلی ئیتلینی سوک لە ساڵێکدا کەوتووەتە گەڕو بەکەوتنەگەڕی ئەم گەڵاڵەیەش بۆ حەوتسەدکەس هەلی ئیش و کار دەڕەخسێت.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لەکاتی گەییشتنی بە فڕگەی سنە لە کورتە لێدوانێکدا وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین لە گەشتەکەی بۆ کوردستان ئەم گەشتەی بە هەلێکی بەبارو بایەخمەند زانی.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی پێی داگرت: لەم گەشتە یەک ڕۆژەیەی دا بیست و یەک گەڵاڵەو پرۆژەی گرینگ بۆ خستنەگەڕ ئامادە کراوەو دەست پێ بوونی ڕاپەڕاندنی سێ پرۆژەی گرینگیش ڕادەگەیەندرێت.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی کۆبوونەوەیەکی دۆستانە لەگەڵ لاوانی پارێزگای کوردستانی وەک دوابەرنامەی ئەم گەشتە یەک ڕۆژەیەی ڕاگەیاند.