سێزدە بەدەر، جێژن و ئاهەنگی کۆتایی هاتنی نەورۆزە
جێژنی کۆتایی نەورۆز، یەکێکە لە گرینگترین ئاهەنگ و داب و نەریتە هاوبەشەکانی نێوان هۆز و ئەتنە ئێرانییەکان کە لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا جێژنی ئاشت بوونەوە لەگەڵ سرووشتیشی پێ دەڵێن!
ئێرانییەکان لە ڕابردووەوە، بە دەس پێ بوونی بەهار و گەیشتنی ساڵی نوێ و پاش چەند ڕۆژ سەردان و هامووشۆ و پیرۆزبایی کردنی ساڵی نوێ، بە مەبەستی تۆکمە کردنی شادییەکەیان و دوور کەوتنەوە لە خەم و پەژارە، بە هاتنەدەر لە ماڵان و چوونە داوێنی سرووشت، ئاهەنگی سێزدە بەدەر بەڕێوە دەبەن!
داب و نەریتی سێزدەبەدەر
ئەم ڕۆژە داب و نەریتی جۆراوجۆری هەیە کە بە درێژایی مێژوو وەدی هاتوون و لەوانە ئەتوانین ئاماژە بکەینە ئەم داب و نەریتانەی خوارووە:
گرێدانی سەوزە، خستنە نێو ئاوی سەوزە، خواردنی کاهوو، لێنانی چێشتی جۆراوجۆر و بەتایبەت شلەی ڕشتە و یاپڕاخ، فڕێدانی 13 بەرد (کە تایبەتە بە ناوچە کوردنشینەکان).
گرێدانی سەوزە
یەکێک لە داب و نەریتەکانی ئەم ڕۆژە سەوزە گرێدانە کە زیاتر گەنجان جێبەجێی دەکەن. گرێدانی سەوزە بە مانای گرێدانی ژیانە لەگەڵ سرووشت هەتا بەوچەشنە بەردەوام تازە و نوێ بمێنینەوە.
فڕێدانی 13 بەرد (تایبەتی ناوچە کوردنشینەکان)
لە ناوچە کوردنشینەکاندا لە کۆتایی ڕۆژی سێزدەبەدەر 13 دانە بەرد بەرەو پشتی خۆ فڕێ دەدەن. بەو مانایە کە بەڵا و کێشە و گرفت لەو کەسە دوور بێتەوە و لەگەڵ هەر بەردێکدا ئاواتێکی باش بۆ خۆیان داوا دەکەن.
بەڕێوە بردنی بەرنامەی شادی بەکۆمەڵ لە شوێنە گشتی و سرووشتییەکان و هەروەها هەڵپەڕین و شادی کردن لە هەنگاوە سەرەکییەکانی ئەم ڕۆژەیە.
بەڵام دەبێ ئاماژە بەوە بکەین کە باشترە لەم ڕۆژەدا خۆراک و چێشتێک کە بڕیارە لە دەرەوە بخورێت لە ماڵەوە لێ بنرێت و دواتر لەگەڵ خۆیان بیبەنە دەرەوە، بۆیە ئیدی پێویست بە هەڵکردنی ئاور نییە، بەڵام ئەگەر پێویستتان بە هەڵکردنی ئاور بوو، باشترە دار و چێوی ویشک یان سووتەمەنی تایبەت کە لە دووکانەکاندا هەیە لەگەڵ خۆتان بیبەن و دار و درەخت نەشکێننەوە یاخود ئاوریان تێ بەر نەدەن. هەروەها تەلیس یان نایلۆنی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکتان پێ بێ تا لە کۆتاییدا زبڵەکان کۆ بکەنەوە و لە دارستان یان ڕۆخی ڕووبار و ناوچە سرووشتییەکان فڕێی نەدەن.