May 21, 2017 18:34 Asia/Tehran
  • ئێران ، دەرچوونی حوکمی دژی شێخ عیسا قاسمی ناپەسەند کرد

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، دەرچوونی حوکمی دژی شێخ عیسا قاسم مامۆستای ئایینیی باڵای بەحرەینی ئیدانە کردو لەمەڕ توندوتیژ بوونەوەی ڕەوتی ئاسایشتی لە بەحرەین دا نیگەرانیی دەربڕی.

دادگەی بەحرەین سەرلە بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ساڵێک زیندانی بۆ شێخ عیسا قاسم مامۆستای ئایینیی خەباتکاری بەحرەینی بڕییەوە، بەڵام ڕاپەڕاندنی ئەم حوکمە هەتا سێ ساڵ هەڵپەسێردراوە.

دادگەی بەحرەین شێخ عیسا قاسمی بە پارەشتنەوە تۆمەتبار کردووە. دادگەی بەحرەین کۆکرانەوەی وجوهاتی دینیی خەڵک لە نوسینگەی شێخ عیسا قاسمی کە لەو دابە دینییانە دێتە ئەژمار وەک پارەشتنەوە لە قەڵەم داوە.

بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە حوکمەکەی دادگەی بەحرەین دژی شێخ عیسا قاسم وتی: دەوڵەتی بەحرەین بە گرتنەبەری هەڵوێستی ئەتنخوازی و ئایینزایی و بە بوختانی ناڕەوا بۆ شێخ عیسا قاسم و هاوڕێکانی، بە نیازی دادگایی کردنی ئەخکامی ئایینی و ئایینزاییە.

قاسمی جارێکی تر داوای لە کاربەدەستانی بەحرەین کرد لە باتی بەربەرەکانێ و کۆت و بەند کردنی ئازادییە بنەڕەتیەکانی جەماوەری بەحرەین، ڕوو لە وتووێژو دیالۆگ گۆڕینەوە لەگەڵ خەڵک بکەن و بەو کارانەی دەیکەن بارودۆخی وڵاتەکەیان لەوەزیاتر ئاڵۆز نەکەن.

قاسمی هەروەها وێڕای پێداگرتن لە سەر گرینگایەتیی جێ و شوێنی دینی و ئایینزایی و سیاسیی شێخ عیساقاسم لە نێو موسڵمانان، سەبارەت بە هەرچەشنە سنووربەزاندنێک لە بارەی بەڕێزی وشداریی داو وتی: هەتاکو ئێستا جەماوەری بەحرەین بە سەرمەشق وەرگرتن لە هەڵس و کەوتی ئاشتیانەی شێخ عیساقاسم ناڕەزامەندیی خۆیانیان بە شێوەی ئاشتیانە دەربڕیوەو خوازیاری لابرانی بەرتەسکییەکانی سەر پێشەوا ئایینییەکەیانن.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕاشیگەیاند: دەوڵەتی بەحرەین بە سەرنجدانی جێ و شوێن و دەستەڵاتی مەعنەویی شێخ عیسا قاسم و ڕێزنان لە خواستی جەماوەر، واز لە بەردەوام کردنی گوشاروپاڵەپەستۆی سەر زانایانی ئایینیی بەحرەین بهێنێ.